نەوت پڕخێرترین هەفتەبازاڕی بەڕێ کرد

هه‌فته‌یه‌كی تر له‌ بازاڕی نه‌وت داخرا، هه‌فته‌یه‌ك كه‌ زۆر گرنگ بوو بۆ به‌رهه‌مهێنه‌رانی نه‌وت و له‌و ماوه‌یه‌دا 20 دۆلار له‌ نرخی هه‌ر به‌رمیلێك نه‌وت هه‌ڵكشا.

به‌گوێره‌ی dailyfx دواین نرخی نه‌وتی برێنت بریتی بوو له‌ 118 دۆلار، هاوكات نرخی نه‌وتی ئه‌مه‌ریكاش به‌ نزیكه‌ی 115 دۆلار داخرا. له‌ هه‌ردوو جۆری نه‌وت نزیكه‌ی 20 دۆلار هه‌ڵكشاوه‌ و هۆكاره‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌ش بۆ ده‌ستپێكردنی جه‌نگی ئۆكراینا ده‌گه‌ڕێته‌وه‌.

له‌ژێر كاریگه‌ریی ئه‌م جه‌نگه‌ وێرانكه‌ره‌، ته‌واوی بازاڕه‌كانی دنیا شێواون و بۆرسه‌ و نرخی شتومه‌ك گۆڕانكارییان به‌سه‌ردا هاتووه‌، جگه‌ له‌ نه‌وت، زێڕیش زۆر گران بووه‌ و دراوی رووسیاش سه‌رووی 30% دابه‌زیوه‌. پشكی كۆمپانیا زه‌به‌لاحه‌كانی سه‌ربه‌ رووسیا به‌ ته‌واوی پاشه‌كشه‌یان كردووه‌ و هه‌ندێك كۆمپانیا خه‌ریكی راگه‌یاندنی مایه‌پووچن.

وه‌ك ئاشكرایه‌ پێشتریش نرخی نه‌وت له‌ ژێر كاریگه‌ری ئاساییبوونه‌وه‌ی كۆرۆنا رووی له‌ به‌رزبوونه‌وه‌ كردبوو و پێشبینی ئه‌وه‌ كرابوو، تا كۆتایی ئه‌مساڵ بگاته‌ 100 دۆلار، به‌ڵام كه‌س پێشبینی ئه‌وه‌ی نه‌ده‌كرد له‌ ماوه‌ی كه‌متر له‌ 10 رۆژ ته‌نانه‌ت له‌ 120 دۆلار نزیك بێته‌وه‌.

ئه‌گه‌ر جه‌نگی ئۆكراینا درێژه‌ بكێشێت، پێشبینی ده‌كرێ نرخی نه‌وت زۆر زیاتر به‌رز ببێته‌وه‌ و ته‌نانه‌ت 150 دۆلاریش تێپه‌ڕێنێت.