نرخ‌و کاتی ئاشکراکردنی مۆبایلی ئایفۆن 14 ڕاگەیەندرا

بەگوێرەی زانیارییە دزەپێکراوەکان کە پێگەی iDropBews ئاشکرایکردووە، کۆمپانیای ئەپڵی ئەمریکی دەیەوێت لە13ی ئەیلوولی ئەمساڵ مۆبایلی نوێی کۆمپانیاکە ئاشکرابکات.

پێگەکە کە پشتی بەزانیاریی تایبەت بەستووە، کۆمپانیای ئەپڵ دەیەوێت لە13ی ئەیلوولدا مۆبایلی نوێی کۆمپانیاکە ڕابگەیەنێت کە بریتین لە” ئایفۆن 14″و ” ئایفۆن 14 پڕۆ”و ” ئایفۆن 14 ماکس”و ” ئایفۆن 14پڕۆ ماکس”.

باس لەوەشکراوە، هێشتا نازانرێت کە ئایا لەو بەروارەدا ئەپڵ مۆبایلە نوێکە بەئامادەبوونی جەماوەر ڕادەگەیەنێت، یاخود بەشێوەیەکی ئۆنلاین‌و لەڕێگای ئینتەرنێتەوە، ئەوەش کەوتۆتە سەر دۆخی ڤایرۆسی کۆڕۆنا لەوکاتەدا.

پێگەکە دەڵێت:”هەردوو مۆبایلی “ئایفۆن 14″و ” ئایفۆن 14 پڕۆ ماکس” هیچ گۆڕانکارییەکی نوێیان تێدانەکراوەو هاوشێوەی ئایفۆن 13ن، نرخەکەشیان 799 دۆلارو 899 دۆلار دەبێت، لەکاتێکدا مۆبایلی ئایفۆن 14پڕۆو ئایفۆن 14 پڕۆ ماکس گۆڕانکارییان تێداکراوە، وەک گۆڕینی سیستەمی کامێراکەی بەهۆی بوونی سێنسەرێکی نوێ بەکوالێتی 48 مێگاپێکسڵ.

ئەوەش هاتووە، کۆمپانیای ئەپڵ پلانی هەیە نرخی ئایفۆن 14 پڕۆ بە 1099 دۆلار دەفرۆشێت، لەکاتێکدا مۆبایلی ئایفۆن 14 پڕۆ ماکس بە 1199 دۆلار دەفرۆشرێت.