سیروان محەمەد: پێویستە حکومەت‌و وەبەرهێنەران گرنگی زیاتر بەپرۆژەی بچوک‌و مام ناوەند بدەن

ئا: زریان محەمەد

سەرۆکی ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی‌و جێگری سەرۆکی یەکێتی ژوورە بازرگانیەکانی هەرێمی کوردستان دەڵێت “پرۆژەی بچوک و مامناوەند سەرچاوەی گەشەپێدانی ئابوریە لەهەر وڵاتێکداو گرنگی پێدەدرێت”.

گرنگی پڕۆژەی بچوک‌و مامناوەند
سیروان محەمەد، جێگری سەرۆکی یەکێتی ژوورە بازرگانیەکانی هەرێم‌و سەرۆکی ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی دەربارەی گرنگی پەرەدان بەپڕۆژەی بچوک‌و مامناوەند لەلایەن وەبەرهێنەرانەوە بەڕۆژنامەی “بازرگانی‌و پیشەسازی” راگەیاند “پڕۆژەی بچوک‌و مامناوەند سەرچاوەی گەشەپێدانی ئابوریە لەهەر وڵاتێکداو گرنگی تایبەتی پێدەدرێت، چونکە زۆرترین دەرفەتی کارکردن دەڕەخسێنێت بۆ هاوڵاتیان‌و هەر پڕۆژەی بچوک‌و مامناوەندیشە کە بەهۆی کەلەکەبوونی ئەزمون‌و سەرمایەوە دەبێتە پڕۆژەی گەورە”.

دەربارەی ئەوەی حکومەت هاوکارە بۆ هاندانی هاوڵاتیان بۆ دەستپێکردنی پرۆژەی مام ناوەندو بچوک، سیروان محمەد وتی “حکومەت وەک پێویست هاوکار نەبووە، دەستی پڕۆژەی بچوک‌و مامناوەندی نەگرتووە، دەبوو حکومەت شاری پیشەسازی دروستبکات‌و گرنگی بەە پڕۆژانە بدات بەهەموو پێداویستیەکانی ڕێگاوبان‌و ئاوو ئاوەڕۆو کارەباو هاوکارییان بکات، لەوەرگرتنی رسوماتیشدا دەبێت هەرزانترین نرخیان بۆ دابندرێت تا بەردەوام بن لەکارکردن، ئەوەش وادەکات گەنجان هانبدات بۆ دەستپێکردنی پڕۆژەی بچوک‌و ئەرکی سەرشانی حکومەتیش سوک دەکات لەڕوی دامەزراندنەوە”.
وتیشی “ئەو بەرهەمانەی لەدەرەوەی وڵات دێتە هەرێمی کوردستان بەشێکی زۆری بەرهەمی پڕۆژەی بچوک‌و مامناوەندن، چونکە حکومەتەکانیان هاوکاریانن بۆ بەرهەمهێنانی زۆرترین کاڵا، ئەبێت لەهەرێم گرنگی بەم کارە بدرێت بۆ ئەوەی رێژەی هاوردەکردن کەم بێتەوەو ئەو پارە زۆرەی دەڕواتە دەرەوە لەناوخۆدا دەمێنێتەوە، ئەمەش گرنگی خۆی هەیە بەتایبەت بۆ هەرێمی کوردستان کە دەتوانین سوود لەشارەکانی خواروی عێراق وەربگرین بەناردنی بەرهەمی ناوخۆیی بۆیان‌و ئەمەش بژێوی خەڵک بەرەو باشتر دەبات”.

گەنجینەکان، گەورەترین پڕۆژەی عێراقە
سیروان محه‌مه‌د ئاماژەی بەگرنگی پرۆژه‌ی گه‌نجینه‌كانی ژووری بازرگانی‌و پیشه‌سازی سلێمانی کردو وتی “گەنجینەکان گه‌وره‌ترین پرۆژه‌یه‌ له‌سه‌ر ئاستی عێراق، پڕۆژه‌كه‌ سودێكی زۆری هه‌یه‌ له‌م باردودۆخه‌ی ئێستادا، چونكه‌ئێمه‌ هه‌میشه‌ ڕه‌چاوی ئه‌وه‌مان كردوه‌ كه‌بواری خۆراكی له‌جیهاندا به‌ره‌وه كه‌مبونه‌وه‌ده‌ڕوات، ده‌مانه‌وێت لەڕێگەی ئەم گەنجینانەوە شاری سلێمانی بكه‌ینه‌ گەورەترین عەمباری کۆکردنەوەی خۆراک‌و گەورەترین سه‌نته‌ری بازرگانی بۆ كاڵاو خوارده‌مه‌نییه‌كان”.

وتیشی “له‌ ئێستادا شاری سلێمانی سوودێكی گه‌وره‌ی له‌پڕۆژه‌ی گه‌نجینه‌كان وه‌رگرتووه‌، مانگانه‌ده‌یان هه‌زار تۆن كاڵاو خوارده‌مه‌نی دێنە ناو گه‌نجینه‌كان‌و به‌شێوه‌یه‌كی ڕێك‌و پێك هه‌ڵده‌گیرێت، ئامانجی ئێمه‌ ئه‌مه‌بوو، پڕۆژه‌كه‌ له‌ئێستادا له‌ته‌واوبوندایه‌و توانیمان كۆمه‌ڵێك كۆمپانیای گه‌وره‌كه‌له‌ئێستادا له‌سلێمانی كار ده‌كه‌ن‌و ناوبانگیان له‌بازاڕدا دیاره‌، له‌پڕۆژه‌كه‌دا شوێنیان پێدراوه‌، رۆژانه‌ چه‌ندین كاڵاو بابه‌به‌تی خۆراكی‌و پێداویستی ژیانی رۆژانه‌ی هاوڵاتیان دێته‌ شاری سلێمانی‌و به‌گوێره‌ی ستانداره‌جیهانییه‌كان هه‌ڵده‌گیرێت”.

سەرۆکی ژوور ئەوەی روونکردەوە کە پڕۆژه‌ی گه‌نجینه‌كانی ژووری بازرگانی‌و پیشه‌سازی سلێمانی بوەته‌ ناوه‌ندێكی بازرگانی گرنگ له‌سه‌رتاسه‌ری عێراقداو ئێستا رۆژانه‌ پێداویستی پارێزگاكانی ناوه‌ڕاست‌و باشووری عێراق له‌كاڵاو خوارده‌مه‌نی‌و بابه‌ته‌كانی ژیانی رۆژانه‌ی هاوڵاتیان له‌سلێمانیه‌وه‌ رەوانە دهکرێت بۆ پارێزگاكانی ناوه‌ڕاست‌و باشووری عێراق، ئەو وتی “ده‌توانم بڵێم پڕۆژه‌ی گه‌نجینه‌كانی ژووری بازرگانی‌و پیشه‌سازی سلێمانی بوەتە ‌هۆی دروستبوونی جوڵه‌یه‌كی گه‌وره‌ی بازرگانی، هۆكاره‌كه‌شی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی جاران كۆمپانیاكان گه‌نجینه‌كانیان له‌شاره‌كانی ناوه‌ڕاست‌و باشوری عێراق بوو، ئێستا له‌پڕۆژه‌ی گه‌نجینه‌كانی ژووری بازرگانی‌و پیشه‌سازی سلێمانی كاڵاكانیان هه‌ڵده‌گرن‌و به‌گوێره‌ی پێداویستی رۆژانه‌ی خۆیان باری ده‌كه‌ن‌و ده‌ینێرن بۆ شاره‌كانی ناوه‌ڕاست‌و باشوری عێراق”.
وتیشی “ده‌توانم بڵێم هه‌لی كار بۆ ٥ هه‌زار كه‌س له‌پڕۆژه‌ی گه‌نجینه‌كانی ژووری بازرگانی‌و پیشه‌سازی سلێمانی ڕه‌خساوه‌، رۆژانه‌ سه‌دان كۆنتێنه‌ر دێته‌ ناو پڕۆژه‌كه‌ له‌هه‌مانكاتدا به‌رهه‌مه‌كان په‌خش ده‌كرێت بۆ شاری سلێمانی‌‌و شاره‌كانی هه‌رێمی كوردستان‌و عێراق، به‌ شانازییه‌وه‌ ده‌توانم بڵێم تاكو ئێستا پرۆژه‌ی له‌م شێوه‌یه‌ له‌سه‌ر ئاستی عێراق دروست نه‌كراوه‌”.

سیروان محەمەد ئاماژەی بەوەش کرد کە ٦٠% پڕۆژه‌ی گه‌نجینه‌كانی ژووری بازرگانی‌و پیشه‌سازی سلێمانی ته‌رخان كراوه‌بۆ بابه‌ته‌خوارده‌مه‌نییه‌كان، ئەو وتی “له‌ڕووی ته‌ندروستی‌و كوالێتییه‌وه‌ هه‌موو كاتێك له‌ژێر كۆنترۆڵی لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان‌و حكومه‌تی هه‌رێمدایەو به‌ئاسانیش ده‌توانین ئامارو داتای بڕی ئه‌و كاڵاو خوارده‌مه‌نیانه‌ی له‌كۆگاكاندا هه‌ن بزانین”.

بایەخی سەردانەکەی کەنەدا
سەرۆکی ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی دەربارەی سەردانکردنی شاندێکی بازرگانی هەرێم بۆ وڵاتی کەنەداو بەشداریکردنیان لەپێشانگایەکی خۆراکیدا وتی “خواست لەسەر بەرهەمە خۆراکیەکان لەجیهاندا زیاد بووەو کۆمپانیاکانی گواستنەوە کرێیان دوو بەرامبەر زیاد بووە، سەردانەکەمان بۆ ئەو مەبەستە بوو کە ئاشنایەتی لەگەڵ کۆمپانیا گەورەکەنی کەنەدا دروستبکەین‌و گفتوگۆیان لەگەڵدا بکەین دەربارەی هێنانی بەرهەمی خۆراکی بۆ هەرێمی کوردستان‌و عێراق‌و دروستبونی جوڵەی بازرگانی لەدەروازەکان”.
لەبارەی گرنگی ئەو سەردانانە تا چەند سوودی بازرگانان‌و پیشەسازانە، سیروان محەمد وتی “سەردانەکەمان سەرکەوتوو بوو چاومان بەچەند کۆمپانیایەکی گەورەی خۆراکی‌و پیشەسازی‌و کشتوکاڵی کەوت، گفتوگۆمان کرد دەربارەی ئەو بەرهەمانەی لەوڵانی دیکەوە دەهات بۆ عێراق‌ولەئێستادا کەمبۆتەوە، لەگەڵ یەکێتی ژوورە بازرگانیەکانی مۆنتریاڵ کۆبوینەوە کە پێکدێت لە ١٢٥ ژووری بازرگانی، بڕیاردرا لەسەردانی داهاتودا پرۆتۆکۆڵی لێکتێگەشتنی کاری هاوبەشی واژۆ بکرێت تایبەت بەکاری بازرگانی‌و پیشەسازی‌و کشتوکاڵی‌و گەشتوگوزارو ئەو کەرتانەی لەڕووی ئابوریەوە گرنگی هەیە بۆ کوردستان‌و بەرهەمێکی زۆرباشی دەبێت سەردانەکەمان”.

وتیشی “لەکەنەدا سەردانی پێشانگایەکی خۆراکمان کرد لەنزیکەوە لەگەڵ کۆمپانیا بەرهەمهێنەکانی خۆراک گفتوگۆمانکرد بۆ ئاشنابوون بەکاری بازرگانی‌و نوێترین بەرهەمە خۆراکیەکان تا بتوانین سودوەرگرین بۆ هێنانیان بۆ بازاڕەکانی عێراق‌و کوردستان”.

لەگەڵ یۆنان یاداشتنامەی لێکتێگەشتنمان واژۆ كرد
سەبارەت بەسەردانی شاندێکی بازرگانی سلێمانی بۆ یۆنان، سەرۆکی ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی رایگەیاند لەدوای سەردانەکەی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم بۆ وڵاتی یۆنان‌و لەسەر داوای باڵوێزی وڵاتی یۆنان لەهەرێمی کوردستان، شاندێکی بازرگانی‌و پیشەسازی‌و وەبەرهێنان‌و کشتوکاڵی شاری سلێمانی سەردانی وڵاتی یۆنانی كرد.

لەبارەی ئەم سەردانە بۆ وڵاتی یۆنان، سیروان محەمەد وتی ” ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی بەمەبەستی بەشداریکردن لەپێشانگای کشتوکاڵی‌و خۆراکی‌و پیشەسازی‌و بیناسازی‌و ئەنجامدانی چەند دیدارێکی تایبەت‌و واژۆکردنی لێکتێگەشتنی کاری هاوبەش شاندێکی بازرگانی شاری سلێمانی سەردانی وڵاتی یۆنانی كرد”.

وتیشی ” لەدوای سەردانەکەی بەڕێز (قوباد تاڵەبانی) جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ وڵاتی یۆنان‌و بەشداریکردنی لەحەوتەمین دیداری ئابوری دێلفی، لەرۆژانی ٦-٩ی نیسانی ٢٠٢٢ ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی بۆ یەکەمینجار دوای ئەو سەردانە شاندێکی بازرگانی لەڕێکەوتی ٥/١٠ ئایاری ٢٠٢٢سه‌ردانی وڵاتی یۆنانی كرد بۆ بەشداریکردن لەپێشانگای کشتوکاڵی‌و خۆراکی‌و بیناسازی‌و ئەنجامدانی واژۆکردنی لێکتێگەشتنی کاری هاوبەش لەگەڵ چەند لایەنێکی دیاریکراو”.

سەرۆکی ژوور جەغتی لەوە کردەوە ئامانج لەم سەردانە لەنزیکەوە دانیشتنە لەگەڵ بازرگانان‌و خاوەنکاران بۆ بەهێزکردنی پەیوەندیەکانیان، ئەو وتی “بیرمان لەوە کردوەتەوە کەوا نزیترین خاڵ بۆ هەرێمی کوردستان کوێ بێت‌و بەرهەمەکانی شیاو بێت بۆ ناوچەی ئێمە بتوانین پەیوەندیان لەگەڵدا دروستبکەین‌و ڕێکەوتنی کاریان لەگەڵدا بکەین پەیوەندیە بازرگانیەکان توندوتۆڵ بکەین”.

وتیشی “لەسەردانەکەماندا، چەند بەرپرسێکی یۆنانمان دەبینی کە پەیوەستن بەکاری بازرگانیەوە تا بتوانین بازرگانیەکی چالاکانە ئەنجام بدەین‌و ئەو خۆراکانەی پێویستن بۆ هەرێمی کوردستان‌و عێراق لەگەڵیاندا گفتوگۆ دەکەین چۆن بگاتە دەست بازرگانانی هەرێمی کوردستان”.

ئەوەش ڕوندەکاتەوە لەئێستادا بیرلەو وڵاتانە دەکەنەوە کە لەڕووی جوگرافییەوە نزیکن لەهەرێمی کوردستان و عێراق چونکە کرێی گواستنەوە لە جیهاندا زۆر گرانبووە کە ئەوەش ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر بەرزبونەوەی نرخی خۆراک دروستدەکات، بۆیە لەووڵاتانی نزیک‌و دراوسێ هاوردەکردنی خۆراک و کاڵا پێویستەکان هەرزانتر دەبێت لەسەر هاوڵاتیان.