نرخی گۆشت بەردەوام لەبەرز بوونەوەدایە

ئا: ڕێژەن سەردار

بەڕێوەبەری کوشتارگەی نوێی سلێمانی ئاماژە بەوە دەکات کە لەماوەی دوو مانگی رابردوودا نرخی گۆشت بەردەوام لەبەرز بوونەوەدا بووە، ئەو دەڵێت “نرخی کیلۆیەک گۆشتی زیندەقەپان لە ٥ ھەزارەوە بەرزبووەتەوە بۆ ٧ ھەزارو ٨٠٠ دینارو لەئێستادا لەنرخی کیلۆیەک گۆشت زیاتر لە ١٦ ھەزار دینار لەسەر گۆشتفرۆشەکان دەکەوێت، ٤٠% نرخی کیلۆیەک گۆشتی زیندە قەپان بەرزبۆتەوە”.

د.شاڵاو عارف، بەڕێوەبەری کوشتارگەی نوێی سلێمانی سەبارەت بە بەرزبوونەوەی نرخی گۆشت، بەڕۆژنامەی “بازرگانی‌و پیشەسازی” راگەیاند “ھۆکاری سەرەکی بەرزبونەوەی نرخی گۆشت ئەوەیە کە سامانی ئاژەڵ لەھەرێمی کوردستاندا زۆر پاشەکشەی کردوەو گرنگی پێنەدراوەو وەبەرھێنان کردن تیایدا لاوازەو گرنگی پێدانی لایەنە پەیوەندارەکانیش بەسامانی ئاژەڵ زۆر کەمە”.

ئەو وتی “گرنگی پێنەدانی لایەنە پەیوەندیدارەکان بەسامانی ئاژەڵ هۆکاری یەکەمی سەرەکی بەرز بوونەوەی نرخی گۆشتە، کە بەڕاستی بایەخ نەدانیان بەسامانی ئاژەڵ جێگەی پرسیارو گومانە، لەبەرئەوەی سامانی ئاژەڵ کلیلی گەرەنتی کردنی ئاسایشی خۆراکە، بەداخەوە لەماوەی ١٠ ساڵی ڕابردودا سامانی ئاژەڵ پاشەکشەی زۆری کردوەو کەسیش لێیناپرسێتەوە”.

وتیشی “ھۆکاری دووەمی بەرزبونەوەی نرخی گۆشت لەبازاڕەکان ئەوەیە بەرھەمی ناوخۆ خواستی بازاڕ پڕ ناکاتەوە بۆیە دەبێت لەدەرەوە ھاوردەی بکەین لەدەرەوەش نرخەکەی بەرزبۆتەوە، ھۆکاری سێھەمیش ئەوەیە پێکھاتە سەرەکیەکانی ئالیکی ئاژەڵ کە خاوەن پڕۆژەکان پەنای بۆ دەبەن بەشێوەیەکی گشتی لەبازاڕەکانی جیھاندا بەھۆی جەنگی روسیاو ئۆکرانیاوە بەتایبەتی سۆیاو پێکھاتەکانی ئالیک نرخیان بەرزبۆتەوە لەبازاڕدا، ئەم سێ ھۆکارە بۆتە ھۆی ئەوەی نەتوانرێت ڕێگە لەبەرزبونەوەی نرخی گۆشت بگیرێت”.

بەڕێوەبەری کوشتارگەی نوێی سلێمانی جەغت لەوە دەکات کە بەرزبونەوەی نرخی دۆلار بەرامبەر بەدینار، کاریگەریەکی زۆر کەمی ھەبووە لەسەر بەرزبونەوەی نرخی گۆشت لەبازاڕەکانی کوردستاندا، ئەو وتی “لەئێستادا سامانی ئاژەڵی ناوخۆ بەشی زیاتر لەسەدا ٤٠ پێویستی ناوخۆ ناکات، بۆیە لەسەدا ٦٠ی پێویستییەکانی گۆشت لەدەرەوە ھاوردە بکرێت‌و لەڕێگەی فەرمی‌و قاچاخەوە ئاژەڵ دێتە کوردستانەوە، بەھای دۆلار کاریگەری لەسەر نرخی پێھاتەکانی ئالیک ھەیە، جەنگی ڕوسیا و ئۆکرانیاش لەسەر ئاستی جیھان گرانی لە نرخی مادە خۆراکیەکان دروست کردوە، بەڵام بەرزبونەوەی نرخی دۆلار بەرامبەر بەدینار کاریگەریی سەرەکی نەبووە لەبەرز بوونەوەی نرخی گۆشتدا”.

وتیشی “لەئێستادا نرخی کیلۆیەک گۆشتی زیندە قەپان لە ٥ ھەزارەوە بەرزبۆتەوە بۆ ٧ ھەزارو ٨٠٠ دینار، نرخی کیلۆیەک گۆشت لەکۆتایی ئەم پرۆسەیەدا ١٦ ھەزار دینار لەسەر گۆشتفرۆشەکان دەکەوێت، لەسەدا ٤٠ نرخی کیلۆیەک گۆشتی زیندە قەپان بەرزبۆتەوە لەماوەی یەک بۆ دوو مانگی رابردوودا”.

د.شاڵاو ئاماژە بەوە دەکات کە ئەگەر هۆکارەکانی بەرز بوونەوەی نرخی گۆشت چارەسەر نەکرێت، نرخی گۆشت بەم نزیکانە دانابەزێت تەنھا مەگەر ئەوەی لەسنورەکانەوە ئاژەڵی زیاتر ھاوردە بکرێت‌و کاریگەری لەسەر بازاڕو نرخی گۆشت بکات، ئەو وتی “چارەسەری بنەڕەتی دابەزینی نرخی گۆشت‌و جێگر بوونی نرخەکەی، گرنگیدانە بەکەرتی ئاژەڵداری لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەکان‌و وەبەرھێنان کردنە لەم کەرتەدا بەشێوەیەکی زانستی”.

وتیشی “ئێمە دوو جۆرە گۆشت ھاوردە دەکەین: گۆشتی بەستوو، لەگەڵ گۆشتی زیندوو، گۆشتی زیندوو لەوڵاتانی وەک (ئێران‌و سوریاو تورکیاو ئەرمینیاو ئۆکرانیاو ئازەربایجان، لەم سێ وڵاتەی دواییانەوە لەئێستادا زۆر کەمبۆتەوە، لەهەندێ وڵاتی ئەمەریکای باشور بەتایبەتی لەوڵاتانی ئەرژەنتین‌و بەرازیل کە بەکەشتی لەڕێگەی تورکیاوە دێت)، بەشێوەی نافەرمی لەئێران‌و سوریاشەوە دێت، گۆشتی بەستووش لەوڵاتانی یەکێتی سۆڤیەتی جاران وەک ئۆکرانیاو مۆڵدیڤیاوە لەکوشتارگەکانیانەوە بۆمان دێت، لەگەڵ وڵاتانی ئەمریکای لاتین”.