نرخی گازی سروشتی لە وڵاتانی ئەورووپا بەڕێژەی سەدا ١٣،٥ دابەزی

تا ئێستا پلەکانی گەرما لە وڵاتانی ئەورووپا مامناوەندن و لە زۆربەی وڵاتانی ئەورووپاش عەمبارەکانی گازی سروشتی پڕبوون، بەم هۆیەشەوە نرخی گازی سروشتی لەو وڵاتانە بەڕێژەی سەدا ١٣،٥ دابەزی.

لە خاڵی بازرگانی گازی سروشتی (TTF) کە مەڵبەندی سەرەکیی لە هۆڵەندایە، ئەمڕۆ پسوولەی گاز بۆ مانگی تشرینی دووەم بە ١٠٤،٧٥ یورۆ بۆ مێگاوات/ کاتژمێر دیاریی کرا.

بەگوێرەی ئەم پسوولەیەش لە کاتژمێر ١٤:٣٠ی (بەکاتی هەولێر) ئەمڕۆ بەراورد بە رۆژی هەینی، نرخی گاز بەڕێژەی سەدا ١٣،٥ کەمی کردووە و هاتووەتە سەر ٩٨،١٧ یورۆ، ئەم نرخەش لە مانگی حوزەیرانەوە تا ئێستا نزمترین نرخە.

بە مامناوەندی مانەوەی پلەکانی گەرما و بەڕێژەی سەدا ٩٥ پڕبوونی عەمباری گازی سروشتی زۆربەی وڵاتانی ئەورووپا، کاریگەری لەسەر دابەزینی نرخەکان هەبووە.

لە لایەکی دیکەشەوە هەوڵەکانی وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا بۆ دیاریکردنی بەرزترین نرخی گازی سروشتیی (TTF) و ئەگەری زیادبوونی گەیاندنی گازی شل بە ئەورووپا، نیگەرانییەکانی تایبەت بە دەستەبەرکردنی گازی سروشتی پێویستی لەو وڵاتانە کەم کردووەتەوە.