نرخی نەوت بەرزبووەوە

دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا نرخی نەوت بەهۆی دابەزینی بەهای دۆلار بەرزبووەوە و بەشێک لە زیانەکانی رۆژی دووشەممەی قەرەبووکردەوە. هەروەها نرخی ئۆنسەیەک زێڕیش بەرزبووەوە بۆ 1552 دۆلار. 
رۆژی سێشەممە 25-10-2022، هەر بەرمیلێک نەوتی برێنتی دەریای باکوور 12 سەنت بەرزبووەوە و بە 93 دۆلار و 38 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
هەروەها هەر بەرمیلێک نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکا 22 سەنت بەرزبووەوە و بە 84 دۆلار و 80 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
بەپێی داتاکانی وەزارەتی بازرگانیی ئەمریکا، چالاکی بازرگانی لەو وڵاتە بۆ ماوەی چوار مانگی یەک لە دوای یەک لە مانگی 10 دا دابەزیوە و ئەوەش ئاماژەیەکی داوە بە بازرگانان بەوەی کە رەنگە بانکی ناوەندیی ئەمریکا وەک چۆن پلانی بۆ داڕشتووە بەردەوام نەبێت لە تووندکردنەوەی خێرای سیاسەتی نەختی؛ ئەوەش بووەتە هۆکار بۆ دابەزینی بەهای دۆلار لە رۆژی سێشەممە کە بووەتە هۆکار بۆ بەرزبوونەوەی نرخی کاڵا و کانزاکان.