نرخی نەوت هاتە خوار 93 دۆلار

ئەمڕۆ نرخی نەوت لە بازاڕەكانی جیهان نزمبوونەوەی دیكەی تۆماركرد، هیوا بە ئەگەری زیندووكردنەوەی ڕێككەوتنی ئەتۆمی و هەروەها كەمبوونەوەی گرژییەكانی ڕوسیا – ئۆكرانیا كاریگەرییان هەبووە.

لەبازاڕە جیهانییەكان نەوتی برێنت و هەروەها نەوتی سووكی تێكساسی ئەمریكی نزیكەی 1.6%ی نرخەكەیان لەدەستدا، برێنت بە كەمتر لە 93 دۆلار مامەڵەی پێوەكرا، هەروەها سووكی تێكساس بە نزیكەی 91 دۆلار و 70 سەنتە.

لەكاتێكدا لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا و بەتایبەت بەهۆی هەڵكشانە سەربازییەكانی نێوان ڕوسیا – ئۆكرانیا، نەوت بۆ سەروو 96 دۆلار بەرزبووەوە، كە ئاستێكی پێوانەیی بوو لە ساڵی 2014وە، بەڵام كەمبوونەوەی ئەگەرەكانی جەنگ و هەڵكشانە سەربازییەكە كاریگەریی لەسەر دابەزینی نرخ هەبوو.

ئەمە جگە لەوەی ئومێد گەڕاوەتەوە بۆ ئەوەی ئێران و وڵاتانی خۆرئاوایی بگەنە ڕێككەوتن لەبارەی زیندووكردنەوەی ڕێككەوتنی ئەتۆمی، ئەمەش ئەگەری گەڕانەوەی ئێران بۆ بازاڕی نەوت زیاتردەكات و ئەمەش بەهەمانشێوە كاریگەریی لەسەر نرخی نەوت هەبوو.