ئۆپیک: هەناردەی نەوتی ئێران بەرزبۆتەوە

بەپێی دوایین ڕاپۆرتی ڕێکخراوی وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوت (ئۆپیک)، لەماوەی ساڵی 2021دا ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی ئێران بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبۆتەوەو ڕۆژانە گەیشتۆتە 2.4 ملیۆن بەرمیل.

لەڕاپۆرتەکەی ئۆپیکدا هاتوە، ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی ئێران لەماوەی ساڵی 2021 ڕۆژانە بۆ 2.4 ملیۆن بەرمیل بەرزبۆتەوە، کە بەراورد بەساڵی 2020 ڕێژەکە لەسەدا 21 زیادیکردوە، لەکاتێکدا وڵاتانی تری ئۆپیک لەو ماوەیەدا تەنها لەسەدا 6 ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتیان بەرزکردۆتەوە.

لای خۆشییەوە ئاژانسی هەواڵی فەرمی ئێرانی (ئیرنا) باسی لەوەکردوە، هەڵکشانی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی ئێران لەماوەی ساڵی ڕابردودا لەکاتێکدایە لەسزاکانی سەر ئێران، بەتایبەت سزاکانی سەر کەتی نەوت‌و وزەی ئەو وڵاتە بەوپەڕی قورسیی خۆیەوە بەردەوامە.

ئاژانسە ئێرانییەکە باسی لەوەشکردوە، لەسەرەتای ئەمساڵیشەوە، ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی ئێران بەردەوام ڕوی لەبەرزبونەوە کردوە.

لەساڵی 2018دا دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی پێشوی ئەمریکا تاکلایەنە لەڕێککەوتننامەی ئەتۆمیی ئێران‌و وڵاتانی زلهێز کشایەوە کە لەساڵی 2015و لەسەردەمی ئیدارەی ئۆبامادا واژۆکرابوو، لەوکاتەشەوە ئەمریکا سیاسەتی ئەوپەڕی گوشار دژی ئێران‌و ئابورییەکەی پەیڕەودەکات، بەتایبەتی سەپاندنی سزا بەسەر کەرتی نەوتی ئێران.