نرخی نەوت بەردەوامە لە دابەزین

لە یەکەم رۆژی کردنەوەی بازاڕەکان لەم هەفتەیەدا و لە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، نرخی نەوت بەردەوام بوو لە دابەزینەکانی کۆتایی هەفتەی رابردوو.
هەفتەی رابردوو نرخی نەوت تاوەکو 3٪ دابەزی، هۆکارەکەشی لێدوانی بەرپرسانی بانکی ناوەندیی ئەمریکا بوو لەسەر ئەوەی کە بەو زووانە رێژەی سوودی بانکی کەم ناکەنەوە.
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ (دووشەممە، 26-2-2024) هەر بەرمیلێک نەوتی برێنتی دەریای باکوور 34 سەنت دابەزی و بە 81 دۆلار و 28 سەنت مامەڵەی پێوەکرا، هەروەها یەک بەرمیل نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش 33 سەنت دابەزی و یەک بەرمیل بە 76 دۆلار و 16 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
شرۆڤەکارانی بانکی ئۆسترالی-نیوزلاندی لەو بارەیەوە دەڵێن “نرخی نەوت بەهۆی چەند هۆکاری جیاواز ئاراستەی خۆی بە خێرایی دەگۆڕێت.”
شرۆڤەکارانی بانکەکە باس لەوە دەکەن “کەمبوونەوەی خواستی چین لەلایەک بووەتە هۆکار بۆ دابەزینی نرخی نەوت و لەلایەکی دیکەشەوە کەمبوونەوەی قەبارەی بەرهەمهێنانی نەوتی ئۆپێک و مەترسییە جیۆسیاسییەکان، بوونەتە هۆکار بۆ پاڵپشتی لە نرخی نەوت.”
نرخی نەوت هەروەها دەکرێت بە دەستبەکاربوونەوەی پاڵاوگەکانی ئەمریکا کاریگەر بێت، کە ماوەیەکە لەژێر چاککردنەوەدان. دەستبەکاربوونەوەی پاڵاوگەی نوێ؛ دەتوانێت قەبارەی نەوتی کۆگاکراو لە ئەمریکا
کەمبکاتەوە و ببێتە هۆی رێگریکردن لە دابەزینی زیاتری نرخی نەوت.
وەرگیراوە لە: ڕووداو