نرخی نەوت بۆ 100 دۆلار دابەزی

نرخی نەوت لە بازاڕەكانی جیهان بەشێوەیەكی بەرچاو دابەزی و نرخی هەر بەرمیلێك نەوتی برێنت بە 100 دۆلار مامەڵەی پێوەكرا.

بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە لەگەڵ كردنەوەی بازاڕەكاندا نرخی نەوت بە ڕێژەی 2.14% دابەزی نرخی هەر بەرمیلێك نەوتی برێنت بە 100 دۆلار مامەڵەی پێوەكرا.

هاوكات نەوتی تەكساسیش بەهەمانشێوەی برێنت بە ڕێژەی 2.24% دابەزی نرخی هەر بەرمیلێك نەوت بە 96 دۆلار مامەڵەی پێوەكرا.

لای خۆیەوە ئاژانسی ڕۆیتەرز بڵاویكردەوە، بەهۆی ئەوەی حکومەتی چین ناوەندی شانگهای داخستووەوە تاوەكو ڕێگری بكات لە تەشەنەکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا و ئەوەش هۆکاری سەرەکی کەمبوونەوەی خواستە لەسەر نەوت.

دوو هەفتەیە نرخی نەوت بەردەوام بووە لە دابەزینە ئەویش دوای ئەوەی وڵاتانی گەورەی بەکارهێنەری نەوت ڕایانگەیاندبوو، پێکەوە هاوکاردەبن لە خستنەڕووی 180 ملیۆن بەرمیل نەوت لە ماوەی شەش مانگی داهاتوودا لە یەدەگی ستراتیژیی خۆیان.