مەهاباد لە ساڵێکدا 600 تۆن هەنگوینی بەرهەم هێناوە

کەرتی هەنگەوانی یەکێک لە گرنگترین کەرتەکانی ئابووری رۆژهەڵاتی کوردستانە و لە مەهاباد ژمارەی ئەو کەسانەی روویان لە هەنگەوانی کردووە زیاتر بووە و هەر بۆیەش بەرهەمی هەنگوین زیادی کردووە.

مەسعوود مەلا بەڕێوەبەری رێکخراوی هەنگەوانانی مەهاباد، ئاشکرای کرد بەرهەمی ساڵێکی مەهاباد گەیشتووەتە 600 تۆن و بەراورد بە ساڵێک پێشتر 50% زیادی کردووە.

بە پێی ئەو ئامارەی خستیە ڕوو لە مەهاباد 54 هەزار کوورەی هەنگی کلاسیک و مۆدێڕن هەیە کە لەو ژمارەیە سەرووی 52 هەزاری مۆدێڕنن.

ساڵی رابردوو بە تێکڕا لە هەر کوورەیەکی هەنگ 10 تا 12 کیلۆگرام هەنگوین بەرهەم هاتووە و ئەمەش بەهۆی گونجاوبوونی کەشوهەوا بووە و بەراورد بە ساڵێک پێشتر دوو هێندە زیادی کردووە.

بەگوێرەی ئیرنا، ژمارەی ئەو هەنگەوانانەی لە مەهاباد ئەندامی رێکخراوەکەن دەگاتە 600 کەس کە بە پیشە کاری هەنگەوانی دەکەن.

جگە لە هەنگوین بەرهەمەکانی تری وەک ژەهری هەنگ، گەردە و چەند شتی تر بەرهەم دەهێنرێت کە بۆ بواری پزیشکی و چەندان بواری تر سوودیان لێ وەردەگیرێت.