نرخی بەرمیلێك نەوت گەیشتە 114 دۆلار

نرخی نەوت بەهۆی كەمبوونەوەی ئاستی هەناردە و پێشبینی زیادبوونی داواكاریی لەگەڵ دەستپێكردنی وەرزی سەفەری هاویین لە ویلایەتە یەكگرتووەكان كە گەورەترین بەكاربەری نەوتی خاوە، ڕووی لە بەرزبوونەوە كرد.

ئەمڕۆ چوار شەممە، گرێبەستە دواخراوەكانی نەوتی خاوی برێنت بە بڕی 44 سەنت و بەڕێژەی 0.4% بەرزبۆوە و نرخی بەرمیلێكی گەیشتە 114 دۆلار، بە هەمان شێوە گرێبەستە دواخراوەكانی نەوتی خاوی ئەمریكایی خۆرئاوای تكساس بە بڕی 51 سەنت و بەڕێژەی 0.5% بەرزبۆوە و نرخی بەرمیلێكی گەیشتە 110.28 دۆلار.

ئاستی هەناردەی نەوت لە جیهاندا كەمبوونەوە بەخۆوە دەبینێت، لەگەڵ خۆلادانی كڕیاران لەو نەوتەی لە ڕوسیاوە دێت كە بە گەورەترین هەناردەكاریی جیهانی دادەنرێت، لە سایەی سەپاندنی سزاكان بەسەر مۆسكۆدا لەپاش ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكانی لە ئۆكراینا.