ماستەرپلانێکى نوێ له‌ سلێمانى جێبه‌جێ ده‌كرێت به‌مه‌به‌ستی خستنەگەڕى پاسى گەورە و کەمکردنەوەى قەرەباڵغى

سەرۆکى شارەوانى سلێمانى ئامادەیی نیشاندا بۆ جێبەجێکردنى ماستەرپلانێکى نوێ بەئامانجى کەمکردنەوەى قەرەباڵغى لەشارەکە.

لەیلا عومەر لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەى بەوەکردووە، بەشداریکردووە لە سیمیناری ماستەرپلانی ھاتووچۆی شاری سلێمانی لە کۆلێژی ئەندازیاری لە زانکۆی سلێمانی کە پڕۆژەیەکی درێژخایەنی مەودا دووری گرنگە لەلایەن کەسانی پسپۆڕو شارەزاو کۆمپانیای برێنەر لە چەندین لاوە کاری لەسەرکراوە، کە دەبێتە ھۆی چارەسەرکردنی کێشەی قەرەباڵغی و ھاتووچۆی شەقامەکان.

باسى لەوەشکردووە، ماستەر پلانەکە لە ھەمان کاتدا کاری لەسەر ھۆکاری گواستنەوەی گشتی کردووە لە ناویاندا پێداچوونەوە کراوە بەسەر ھەموو ھێڵەکانی پاص و خستنەکاری پاسی قەبارە گەورەو جیاواز.

بەوتەى سەرۆکى شارەوانى سلێمانى، ماستەرپلانەکە لە لایەکی تریشەوە لە پلانەکەدا ھەیە لەگەڵ گەورە بوون و فراوان بوونی شاردا پێداچوونەوە بە یوتێرن و یەکتربڕەکاندا بکرێت و پێشنیاری باش ھەیە بۆ زیادکردنیان. لە پڕۆژەکەدا سەرنجێکی باش خراوەتە سەر چەقی شار لە ڕووی ڕێکخستنەوەی ئاڕاستەکان و بابەتی گەراجی وەستانی ئۆتۆمبێل سەرلەبەری ئەم کارانە بە ئامانجی کەمکردنەوەی قەرەباڵغییە.

دەشلێت، لەکۆتاییدا، سەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانی ئامادەى بردنە پێشەوەو جێبەجێکردنی ئەو پڕۆژەیەیە.