ئەنجومەنی پارێزگا: كەمتر لە نیوەی پێویستی غاز دەگاتە سلێمانی‏

سەرۆکی لیژنەی پیشەسازی و وزەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی باس لە کێشەکانی ‏غاز دەکات لە پارێزگای سلێمانی و هۆکارەکەی بۆ کەمی ئەو بڕە دەگەڕێنێتەوە کە دەگاتە ‏پارێزگاکە کە کەمترە لە نیوەی بڕی پێویست.‏

لە ڕاگەیەندراوێکدا عەلی کەریم سەرۆکی لیژنەی وزەی ئەنجومەنی پارێزگا دەڵێت، لە ‏لیژنەی پیشەسازی و وزە بەدواداچوونیان بۆ کێشەی غاز و نەوتی سپی کردووە، ئەو ‏زانیارییانەی پێیانگەیشتووە، هۆكاری كەمی غاز بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، سلێمانی ڕۆژانە ‏پێویستی بە 500 تۆن غاز هەیە لەکاتێکدا تەنها 230 تۆن غاز دەگاتە پارێزگاکە.‏

لەبارەی نەوتی سپیشەوە، حكومەت و وەزاەرتی سامانە سروشتییەكان بە بێبەڵێن ‏وەسفدەكات، بەوەی بڕێكی كەم نەوت بەسەر هاوڵاتییاندا دابەشكراوە.‏

ڕوونکردنەوەی سەرۆکی لیژنەی پیشەسازی و وزە:‏

یەکەم – گرفتی کەمی غازی ماڵان، ئەو ڕێژەیەی دابینکراوە بۆ سنوورەکە کەمە و ‏لەئاستی پێداویستیی هاوڵاتییاندا نییە، ڕێژەکەش ڕۆژانە بریتیە لە 12 بارهەڵگر غاز، کە ‏بۆ هەر بارهەڵگرێک نزیکەی 20 تۆن غاز دەبێت و بە گشتی ڕۆژانە نزیکەی 230 تۆن ‏دەبێت، ئەمەش لە کاتێکدایە پێداویستیی سنوورەکە بە گشتی نزیکەی 500 تۆن دەبێت.‏

بەنووسراو داوامان لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان کردووە ڕێژەکە زیادبکەن و ‏پێداویستیی هاوڵاتییان دابینبکەن .‏

بەنووسراو یەکە ئیدارییەکانی سنوورەکە ئاگاداردەکەینەوە چاودێریی تووندی کارگەکان و ‏وەکیلەکانی غاز بکەن و ڕێگە بگرن لە قۆرخکردنی ئەو بڕەی دەگات، تاوەكو بگات ‏بەدەستی هاوڵاتییان.‏

دووەم ٓـ سەبارەت بە دابەشکردنی نەوتی سپی، ئەمساڵ بڕیاربوو وەزارەتی سامانە ‏سروشتییەکان بۆ هەرماڵێک بەرمیلێک نەوت دابینبکات، بەڵام ئەو بەڵێن و بڕیارە ‏جێبەجێنەکراوە و تاکو ئێستا ڕێژەیەکی زۆرکەم نێردراوە بۆ چەند ناوچەیەک، لە ئێستادا ‏ڕێژەیەکی دیکەی نەوتی سپی دابەشدەکرێت، نرخەکەی بۆ هەربەرمیلێک بڕی (90 ‏هەزار دینارە) و ئەمەش بارگرانییە لەسەر هاوڵاتییان .‏