لە عەلەوەی سلێمانی تاقیگەیەک بۆ پشکنینی بەرھەمە کشتوکاڵییەکان دادەنرێت

وەسفی خەلیل، ڕاوێژکاری کشتوکاڵی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت “ئەمڕۆ بە مەبەستی بەرھەم ھێنانی بەروبومە کشتوکاڵییەکان بە شێوەیەکی تەندروست، ژمارەیەک لە مامۆستایانی زانکۆ و پسپۆڕانی بواری.کشتوکاڵ و نوێنەری کۆمپانیایی ھەمسە کە سەرپەرشتی تاقیگەی عەلوەی سلێمانی دەکات بە سەرپەرشتی جێگری بەرێوەبەری کشتوکاڵی سلێمانی و نوێنەری ژووری بازرگانی کۆبوینەوە”.

ڕاشیگەیاند “لە کۆبونەوەکەدا ھەموان بۆچون و پێشنیازەکانیان خستەڕوو بە مەبەستی نەھێشتی ماددە ژەھراوییەکان لە بەرھەمھێنانی ھەندێک بەرھەمی کشتوکاڵی، ئێمە پێمان وایە کە ئەگەر بازاڕ بۆ ساغ کردنەوەی بەرھەمی جوتیاران ھەبێت و ئاسانکاری بکرێت بەرھەمی جوتیارانی کوردستان ھەناردەی وڵاتان بکرێت، جوتیار ناچار دەبێت ڕوو بکاتە بەرھەمھێنان بە شێوەیەکی ئۆرگانیک”.

ڕاوێژکاری کشتوکاڵی ژوور ئاماژەی بەوەشدا، لە ماوەی ڕابردوودا کاتێک جوتیاران دەیانویست بەرھەمەکانیان بنێرنە دەرەوە تاقیگەیەک نەبوو کە بەرھەمەکە فەحس بکات خۆشبەتانە ئێستا لە عەلوەی سلێمانی تاقیگە دانراوە کە ئەمەش ھەنگاوێکی گرنگە، لەمه‌ودوا پشکنین بۆ بەرھەمی جوتیاران دەکەین ئەگەر بەرھەمەکەی تەندروست نەبوو ئاگاداری دەکەینەوە تاکو بتوانین بەرھەمێکی تەندروست پێشکەش بە ھاوڵاتیان بکەین”.

جەختی لەوەش کردوە زۆر گرنگە کە سەرپەرشتیار دابنێن بۆ خانوە پلاستییەکان چەند ساڵێک پێش ئێستا لەسەر ئەرکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی خولی گەشەپێدانمان بۆ ٩٠ ئەندازیاری کشتوکاڵی کردوەو ٦٠ ئەندازیار ئامادەن بۆ ئەم مەبەستە.