تێکڕای هەڵاوسان لە تورکیا بۆ زیاتر لە 21% بەرزبووەتەوە

بەپێی ئەو ڕاپۆرتەی ئاژانسەکە بڵاویکردووەتەوە، نرخی کەرەستە سەرەکییەکان لە تورکیا بەڕێژەی 21.31% بەرزبووەتەوە بەراورد بە هەمان ماوە لە ساڵی ڕابردوودا، ئەمەش لەکاتێکدا تا مانگی تشرینی یەکەم گەیشتبووە 19.89%.

ئەو ئاستە لە هەڵاوسان ژمارەیەکی پێوانەییە لە سێ ساڵی ڕابردوودا ئەو وڵاتە تۆماریکردبێت، ئەو هەڵاوسانەش کاریگەریی کردووەتە سەر توانای کڕینی کەلوپەل لەلایەن هاوڵاتییانی وڵاتەکەوە.

حکومەتی تورکیا ئامانجێتی ڕێژەی هەڵاوسان بۆ 5% کەمبکاتەوە.

لیرەی تورکی نزیکەی 30%ـی نرخەکەی بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی لە مانگی ڕابردوودا لەدەستدا، لەکاتێکدا زیاتر لە 45%ـی نرخەکەی لە ماوەی ئەمساڵدا لەدەستداوە.

ئەم بەرزبوونەوەیە لە هەڵاوسانی تورکیا دوای سێ جار کەمکردنەوەی سوودی بانکی ئەو وڵاتە دێت بەبڕیاری رەجەب تەیب ئەردۆغان بە ئامانجی زیادکردنی گەشەسەندن، بەرهەمهێنان و هەناردەکردن.

گەشەی ساڵانەی تورکیا بەپێی ئامارە فەرمییەکانی ئەو وڵاتە گەیشتووەتە 7.4% لە سێ وەرزی لەسەریەکدا، هەروەها پێسبینی دەکرێت تاکۆتایی ساڵ گەشەی ئەو وڵاتە بگاتە 9%.