لەسەر خواستی ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی، بانکی بازرگانی عێراق بڕیاڕێک دەردەکات

پاش ئەوەی ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی یاداشتێکی بەمەبەستی گۆڕینەوەی بڕی ١٠٠ هەزار دۆلار بە نرخی فەرمی بۆ بازگانان ئاڕاستەی ژوورە بازرگانییەکانی عێراق کرد، بانکی بازرگانی عێراق بڕیاڕی دا کار بەو پێشنیارە بکات‌.

ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی لەمانگی شوباتی رابردودا یاداشتێکی ئاڕاستەی ژوورە بازرگانیەکانی عێراق کردو پێسنیاری کردبوو کە بەپێی هەڵسەنگاندنیان بۆ پرۆسەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی‌و پرۆسەی هاوردەکردن‌و بۆ ئەوەی بازاڕ گرانی‌و کەمی کاڵا بەخۆیەوە نەبینێت، بڕی ١٠٠ هەزار دۆلار بە نرخی فەرمی دۆلار بۆ بازگانان بگۆڕدرێتەوەو چەند ئاسانکارییەکی دیکەی کارگێڕییان بۆ بکرێت بۆ ئەوەی پرۆسەی گۆڕینەوەکە، کاتێکی زۆر نەخایەنێت.

لەسەر ئەم خواست‌و پێشنیارەی ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی، بانکی بازرگانی عێراق رایگەیاند “بەپشتبەستن بەڕێنماییەکانی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران‌و بانکی ناوەندی عێراق بۆ سنوردارکردنی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار بەرامبەر دینار لەبازاڕی ناوخۆ، هەروەها پاڵپشتیکردنی پڕۆسەی هاوردەکردن بەپێی چوارچێوە یاساییەکان‌، بانکی بازرگانی عێراق بڕیاریدا دەستپێشخەری بکات بۆ هاوردەکردنی کەلوپەلی بەکارهێنەران بەنرخی ئاڵوگۆڕی بانکی ناوەندی عێراق بە ١٣٢٠ دینار بۆ هەر دۆلارێک، بەمەرجێک کە بەهای گواستنەوەی دەرەکی بۆ هەر بازرگانێکی تاک لەمانگێکدا (تەنها ١٠٠،٠٠٠$ – لە سەد هەزار دۆلار تێنەپەڕێت)و کارکردن لەم بابەتەدا لە لقەکانی بانک لە بەغدای پایتەخت دەست پێدەکات‌و بەم زووانە کارەکان فراوانتر دەکرێن لەلقەکانی دیکەی دەرەوەی بەغدا، بەپێی ڕێنمایی‌و مەرجەکانی بانکی بازرگانی عێراق”.