كۆنسوڵی گشتی ئه‌مریكا له‌ هەرێم، وتاری ماڵئاوای له‌ زانكۆی ئه‌مریكی له‌ سلێمانی پێشكه‌شی كرد

له‌ مه‌راسیمێكدا كه‌ سیروان محه‌مه‌د سه‌رۆكی ژووری بازرگانی و پیشه‌سازی سلێمانی ئاماده‌ بوو، ئیرڤن هیکس كۆنسوڵی گشتی ئه‌مریكا له‌ هەرێم، وتاری ماڵئاوای له‌ زانكۆی ئه‌مریكی له‌ سلێمانی پێشكه‌شی كرد.

بەبۆنەی کۆتایی هاتنی ئەرکەکەی، ئیرڤن هیکس، كونسوڵی گشتی ئه‌مریكا لە هەرێم، ئەمڕۆ پێنجشەممە 3ي ئابي 2023، له‌ زانكۆی ئه‌مریكی له‌ سلێمانی وتاری ماڵئاوایی پێشكةش کرد وتی: “سوپاس بۆ ئێوه‌ كه‌ ئه‌مڕۆ له‌گه‌ڵ من لێره‌ ئاماده‌بوون، له‌كاتێكدا خۆم ئاماده‌ ده‌كه‌م بۆ جێهێشتنی هه‌ولێر دوای ساڵێكی به‌رهه‌مدار له‌گه‌ڵ هاووڵاتییان و ئێوه‌، له‌ باسكردنی میوانداری كورد و جوانی خاكه‌كه‌تان و خواردنی خۆش و ئه‌و گه‌رم و گوڕی دۆستایه‌تی راسته‌قینه‌یه‌ی له‌ سه‌رتاسه‌ری هه‌رێمی كوردستان پێی ئاشنا بووم، وای كرد كه‌ ئه‌م ئه‌ركه‌م وه‌ك دیپلۆماتكاری ئه‌مریكی یه‌كێك بێت له‌ باشترینةكان”.

ئه‌وه‌شی وت: “بۆیه‌كه‌م جار كونسوڵخانه‌ی گشتی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ هه‌رێمی كوردستان، 15 كونسووڵی گشتی هاوبیری كۆكرده‌وه‌، كه‌ ئێمه‌ پێی ده‌ڵێین CGCG رێگه‌یه‌ك كه‌ براو خوشكه‌ دیموكراسه‌ خوازه‌كانمان توانیان له‌ یه‌ك ده‌نگ له‌سه‌ر چه‌ندین بابه‌ت له‌ هه‌رێمی كوردستان قسه‌بكه‌ن، له‌وانه‌ش مافه‌كانی مرۆڤ، یه‌كسانی جێنده‌ری، لێبوورده‌یی ئاینی و مامه‌ڵه‌ی یه‌كسان له‌گه‌ڵ پێكهاته‌ كه‌مینه‌كان و ئازادی رۆژنامه‌وانی بارزگانی و وه‌به‌رهێنان و نه‌وت و غاز و ئاسایش و سه‌قامگیری ناوچه‌كه‌”.

كونسوڵی ئه‌مریكا ئه‌وه‌شی وتووه‌: “ئێمه‌ پابه‌ند ده‌مێنینه‌وه‌ بۆ دابینكردنی پێداویستی و راهێنان و پاڵپشتی لۆجستی بۆ پێشمه‌رگه‌، له‌وانه‌ش دامه‌زراندنی ناوه‌ندێكی لۆجستی له‌ سلێمانی، هه‌روه‌ها دامه‌زراندنی یه‌كه‌مین دوو باره‌گای سه‌ره‌كی بۆ دوو فه‌رمانده‌كه‌ له‌ ژێر چه‌تری وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌”.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا: “ته‌نها له‌مساڵدا به‌خشینه‌ مرۆییه‌كانمان به‌ بڕی 301 ملیۆن دۆلار ته‌رخانكرا بۆ دابینكردنی ئاوی خواردنه‌وه‌ و چاره‌سه‌ری ته‌ندروستی پێویست و خزمه‌تگوزارییه‌كانی پشتیوانی ده‌روونی و كۆمه‌ڵایه‌تی و په‌ناگه‌و هاوكاری خۆراك و پشتیوانی بژێوی بۆ ئاواره‌ عێراقییه‌كان و په‌ناهه‌نده‌كان. هه‌روه‌ها ئه‌م هاریكارییه‌ پشگتیرییه‌ له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ و تێكه‌ڵبوونه‌وه‌ به‌ كۆ‌ومه‌ڵگه‌ و چاره‌سه‌ری به‌رده‌وام بۆ 1.2 ئاواره‌ كه‌ ماونه‌وه‌”.

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو: “تیمی كونسوڵخانه‌مان خۆشحاڵبوون به‌ كردنه‌وه‌ی نه‌خۆشخانه‌ی سووتان و جوانكاری له‌ سلێمانی له‌ مانگی 11ی ساڵی رابردوو، نه‌خۆشخانه‌كه‌ له‌ ریسَگه‌ی هاریكاری مرۆیی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان نۆژه‌نكراوه‌ته‌وه‌، ئێستا پێداویستی باشی بۆ دابینكراوه‌، بۆ پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزاری ته‌ندروستی بۆ رزگاركردنی ژیان بۆ په‌ناهه‌نده‌كان و ئاواره‌كان و كۆمه‌ڵگه‌ لێره‌ له‌ سلێمانی”.

هه‌روه‌ك وتیشی: “تیمی كونسووڵخانه‌ راهێنان بۆ هاوبه‌شه‌ خۆجێیه‌كان كردووه‌ و ئامێریان بۆ دابینكردوون، بۆ به‌ دیجیتاڵكردنی به‌ڵگه‌نامه‌ شوێنه‌وارییه‌كان و چالاكییه‌كان بۆ دروستكردن و رێكخستنی تۆماری دیجیتاڵی و به‌ڕێوه‌بردنی داتاكان، بۆ نموونه‌ زیاتر له‌ سێ هه‌زار و 200 ده‌ستنووس دیجیتاڵ كراون و كه‌ مێژووی زیاتر له‌ هه‌شت هه‌زار ساڵه‌ له‌ باكووری عێراق”.

ئه‌وه‌شی زیاد كرد: “هه‌روه‌ها 1.4 ملیۆن دۆلارمان دابینكرد بۆ یارمه‌تیدان له‌ كردنه‌وه‌ی سێ تاقیگه‌ی زانیاری ته‌كنه‌لۆژی به‌ سیستمی سیسكۆ، له‌ هه‌ر سێ زانكۆكانی پۆله‌ته‌كنیك له‌ هه‌رێمی كوردستان. ئه‌م پاڵپشتییه‌ چه‌ندین ملیۆن دۆلار له‌ خۆده‌گرێت، بۆ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی چه‌ندین شوێنه‌واری كه‌لتووری گرنگ، له‌وانه‌ش قه‌ڵای هه‌ولێر و ده‌رگای بادینان له‌ ئامێدی و په‌رستگای لالش”.

له‌ كۆتاییدا خۆشحاڵم تیشك بخه‌مه‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ دروستكردنی كۆمپاوندی كۆنسووڵخانه‌ نوێیه‌كه‌مان به‌ بڕی 800 ملیۆن دۆلار له‌ دروستكردنه‌كه‌یدایه‌ و له‌ ساڵی 2024 ته‌واو ده‌بێت.

سیروان محه‌مه‌د سه‌رۆكی ژووری بازرگانی و پیشه‌سازی سلێمانی رایگه‌یاند: ” زۆر سپاسی به‌رێز ئیرڤن هیکس كونسوڵی گشتی ئه‌مریكا له‌ هەرێمی كوردستان ده‌كه‌ین كه‌ له‌ ماوه‌ی رابردوودا چه‌ندین كار و پرۆژه‌ی ئه‌نجامداوه‌ به‌مه‌بستی بوژاندنه‌وه‌ی ئابوری هه‌رێمی كوردستان و دروستكردنی په‌یه‌وه‌ندی بازرگانی له‌ نێوان بازرگانانی هه‌رێم و بازرگانانی ئه‌مریكا”.

سه‌رۆكی ژووری بازرگانی و پیشه‌سازی سلێمانی هیوای خواست بتوانن له‌گه‌ڵ كۆنسوڵی نوێ ئه‌مریكاشدا بتوانن كاری هاوبه‌ش ئه‌نجام بده‌ن و په‌یوه‌ندییه‌ ئابووری و بازرگانیه‌كان به‌هێز تر بكه‌ن كۆنسوڵی نوێ ئاشنا بكه‌ن به‌وه‌ی كه‌ یه‌كێیتی ژووره‌ بازرگانییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان هه‌میشه‌ كاریان كردوه‌ به‌مه‌بستی دروستكردنی پیوه‌ندی بازرگانی و زیاتركردنی په‌وه‌ندییه‌كان له‌گه‌ڵ ژووره‌ بازرگانیه‌كانی ئه‌مریكادا.