لیرەی توركی بەرانبەر دۆلار لە بازاڕەكانی هەرێمی كوردستان بە تەواوی شكا

لیرەی توركی بەرانبەر دۆلار لە بازاڕەكانی هەرێمی كوردستان بە تەواوی شكا، نرخەكەی هێندە دابەزیوە كە هاووڵاتییانی شۆك كردووە.

لە بەیانیی ئەمڕۆوە جارێكی تر لیرەی توركی لە بازاڕەكانی هەرێمی كوردستان رووی لە دابەزین كرد، خاوەن نووسینگەیەكی دراو گۆڕینەوەش دەڵێت، دابەزینی نرخەكە ژمارەی پێوانەییە و ئەمڕۆ لە كوردستان و دنیاش كە بۆرسەش نییە، لە دابەزین بەردەوامە.

ئەمڕۆ شەممە یەكی تەمووز، سەرباز عەلی خاوەنی نووسینگەی دراو گۆڕینەوەی نرخی نوێ‌، راگەیاند، بەیانیی نیوەڕۆی ئەمڕۆ لیرەی توركی دابەزی، ئێستە یەك دۆلار بە 28.88 لیرە مامەڵەی پێوە دەكرێت.

ڕاشیگەیاند، ئەو دابەزینەی ئەمڕۆ لە نرخی لیرە، ئاستی پێوانەیی لە مێژوودا تۆمار كرد، هۆكارەكەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە بانكی ناوەندی توركیا ڕای گەیاندووە، بانكی ناوەندی چیتر یەدەگی بانكەكە بۆ پاڵپشتكردنی لیرەی توركی بەكار ناهێنن و بەو بڕیارەش لیرەی توركی زیاتر دابەزی.

باسی لەوەش كرد، ئێستە 100 دۆلار بە بڕی دوو هەزار و 888 لیرەی توركی مامەڵەی پێ‌ دەكرێت، پێشبینیی دابەزینی زیاتریش هەیە، بۆیە تا بۆرسە نەكرێتەوە، ئەو نرخە ئەگەری گۆڕانكاریی خێرایی هەیە، بەڵام لە سەعات یەك و نیوی ئەمڕۆوە، 100 دۆلاری ئەمەریكی بە بڕی دوو هەزار و 888 لیرەی توركی مامەڵەی پێ دەكرێت.

هۆكارێكی تری دابەزینی بەهای لیرە بۆ گۆڕانكارییەكانی توركیا و دواین هەڵبژاردنی ئەو وڵاتە دەگەڕێتەوە، وایكردووە نرخی لیرە روو لە دابەزینی بەردەوام بكات، ماوەی 40 ڕۆژە نرخی لیرە لە شكانە، ئێستە بەهای ئەو دراوە لە بازاڕەكانی دنیا و كوردستانیشدا، دڵەڕاوكێی دروست كردووە.