وەزارەتی نەوت: داهاتی نەوتی مانگی حوزەیران زیاترە لە حەوت ملیار دۆلار

وەزارەتی نەوتی عێراق کۆی هەناردەکردن و داهاتی فرۆشی نەوتی خاو بۆ مانگی حوزەیران راگەیاند، بەپێی ئامارە سەرەتاییەکان داهاتی مانگی رابردوو 7 ملیار و 115 ملیۆن دۆلار بووە.

لە راگەیەندراوی وەزارەتی نەوتدا هاتووە، “”کۆی گشتیی بڕی هەناردەکردنی نەوتی خاو 100 ملیۆن و 59 هەزار و 52 بەرمیلە، داهاتەکەی دەگاتە 7.115 ملیار دۆلار.

ئاماژە بەوەشکراوە، “کۆی بڕی هەناردەکراوی نەوتی خاو بۆ مانگی حوزەیران لە کێڵگە نەوتییەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق بڕی 98 ملیۆن و 725 هەزار و 620 بەرمیل بووە، کۆی بڕی هەناردەکراو بۆ ئوردن 299 هەزار و 445 بەرمیل بووە و هەروەها بڕی هەناردەکراو لە گەیارەوە یەک ملیۆن و 33 هەزار و 987 بەرمیل بووە.

لە ئامارەکەدا هاتووە، “تێکڕای بڕی هەناردەکراوی رۆژانە سێ ملیۆن و 335 هەزار بەرمیلە لە رۆژێکدا، هەروەها تێکڕای نرخی یەک بەرمیل 71.11 دۆلار بووە”.