كۆمەڵەی كێڵگە پەلەوەرییەكان: بۆ جەژن نرخی مریشک بەرزنابێتەوە

سەرۆکی كۆمەڵەی كێڵگە پەلەوەرییەكان دڵنیایی بە هاونیشتمانییان دەدات کە بۆ جەژنی رەمەزان نرخی مریشک بەرزنابێتەوە.

نازم عەبدوڵا سەرۆكی كۆمەڵەی كێڵگە پەلەوەرییەكان رایگەیاند، لە ئێستادا نرخی یەک کیلۆ مریشک لە کێڵگەکانی بەخێوکردنی مریشک لەنێوان دوو هەزار و 800 دینار بۆ سێ هەزار و 100 دیناردایە و بەو نرخە دەفرۆشرێت.

گوتیشی، ماوەیەک لەمەوبەر نرخی مریشک بەرزبوونەوەی بەرچاوی بەخۆیەوەبینی و لە کێڵگەکان نرخی یەک کیلۆ گەیشتە سێ هەزار و 500 دینار، بەڵام ئەو بەرزبوونەوەیە کاتی بوو، دواتر دابەزی.

لەبارەی دووبارە بەرزبوونەوەی نرخی مریشک بەهۆی جەژنی رەمەزانەوە، نازم عەبدوڵا گوتی، هەر لەو دەوروبەرەی ئێستادا دەبێت و بەرزبوونەوەی زۆر بەخۆیەوە نابینێت و ئەگەر زۆریش بەرزببێتەوە 250 دینار بەرزدەبێتەوە و کە ئەمە رێژەیەکی کەمە و بۆ هاونیشتمانییان جیاوازییەکی ئەوتۆ دروستناکات، چونکە لە مریشکێکی سێ کیلۆیی 750 دینار زیاد دەکات، لەگەڵ ئەوەشدا ئەگەر هەیە، بە پێچەوانەوە بێت و لەو نرخەی ئێستا هەیە هەرزانتربێت.

 

 

 

 

 

بەسوپاسەو وەرگیراو لە کەناڵ8