كشتوكاڵی سلێمانی: لە زۆر ناوچە باران لە ساڵی رابردوو زیاتر باریوە

بەشی كەشناسی لە كشتوكاڵی سلێمانی جەخت لەوە دەكاتەوە، لە سنووری ‏سلێمانی و هەڵەبجە ‌و هەردوو ئیدارە سەربەخۆكانی گەرمیان ‌و راپەڕین، ‏زۆرترین بارانبارینی ئەمساڵ لە قەزای چوارتا ‌و كەمترینیش ‏لە قەزای خانەقین بووە، لە زۆر ناوچەش باران لە ساڵی رابردوو زیاتر باریوە.

كارزان لەتیف لێپرسراوی بەشەكە لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا وتی، تاوەكو 2ی ئایاری 2022، لە 35 ناوچەی ‏سلێمانی، تەنیا لە سێ‌ ناوچەدا باران كەمتر لە پار باریوە.

 ئەوەشی خستووەتەڕوو، ئەمساڵ ‏لە سێ‌ ناوچە زیاتر لە 800 ملیمەتر بارانباریوە، لەكاتێكدا پار سەرووی 800 ملیمەتر باران لە هیچ ناوچەیەك نەباریوە، لە قەزای چوارتا ئەمساڵ ‏‏898.5 ملیمەتر باران باریوە، پار 733.5 ملیمەتر بوو. 

كارزان لەتیف جەختی لەوەش كردووەتەوە، لە قەزای ‏پێنجوێن ئەمساڵ 878.7 ملیمەتر باران باریوە، پار 686.5 ملیمەتر ‏باریبوو، لە ناوچەی بەرزنجەش ئەمساڵ 822.5 ملیمەتر باران باریوە، ‏پار 763.3 ملیمەتر باریبوو.