تەنها دوێنێ ٥٠ هەزار گەشتیار چوونەتە سەیرانگای دوکان

تەنها دوێنێ زیاتر لە ٥٠ هەزار گەشتیار ڕوویان لە سەیرانگای دوکان کردووە، سەرجەم ئۆتێل و مۆتێلەکانیش پڕبوون، سەرۆکی کۆمەڵەی میوانخانە و چێشتخانەکانیش دەڵێت ئەم گەشتیارە زۆرە سوودێکی باشی بۆ ئابوری شارەکە هەیە.

مەحمود تۆفیق، سەرۆکی لقی سلێمانی کۆمەڵە میوانخانە و چێشتخانەکانی سلێمانی بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، تەنها دوێنێ زیاتر لە ٥٠ هەزار گەشتیار چوونەتە سەیرانگای دوکان، ئەمە جگە لەو ژمارە بێ کۆتاییەی سەردانی هەورامان و قەشقۆڵی و شوێنە گەشتیارییەکانی دیکەیان کردووە.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، سەرجەم ئوتێل و مۆتێلەکان پڕبوون، تا ئێستاش هیچ سکاڵایەکیان لەبارەی گرانبوونی نرخەکانەوە پێنەگەیشتووە.

ئەمە لە کاتێکدا ڕۆژی یەکشەممەی پێش جەژن گەشتوگوزاری سلێمانی  ڕاگەیاند، پێشبینی هاتنی زیاتر لە ١٠٠ هەزار گەشتیار بۆ سلێمانی دەکەن، ئەمەش دەردەخات کە دەکرێت ئاماری گەشتیارەکان زۆر لەوە زیاتر بن.

مەحمود تۆفیق وتیشی، ئەمە دەبێت هۆی گەشەیەکی ئابوری باش لە هەرێمی کوردستان و سلێمانی، ئەگەر هەر گەشتیارێک بەلایەنی کەمەوە ١٠٠ دۆلار خەرج بکات، ئەوان ئابووری بەڕێژەیەکی بەرچاو گەشە دەکات، بەو پێیەش تەنها دوێنێ لە سەیرانگای دوکان زیاتر لە ٥ ملیۆن دۆلار لەلایەن گەشتیارانەوە خەرج کراوە.