رووسیا داوای پارچەی یەدەگی ئۆتۆمبێل لە ئێران دەکات

کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێلی رووسیا، داوای پارچەی یەدەگ لە ئێران دەکەن، ئێرانیش ئەوە بە دەرفەت دەزانێت بۆ هەناردەکردنی ئەو پارچە یەدەگانە.

بەپێی هەواڵێکی میدیا ئێرانییەکان، ئەندامێکی سەندیکای بەرهەمهێنەرانی پارچەی یەدەگی ئۆتۆمبێلەکانی ئێران رایگەیاندووە، “بەرهەمهێنەرانی ئەو وڵاتە دەرفەتێکیان لەبەردەمە بۆ ئەوەی کەرەستەکانیان هەناردەی کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێلی رووسیا بکەن.”

ئاماژەی بەوەش کردووە، کۆمپانیا بەرهەمهێنەرە دیارەکانی رووسیا، داوای کەرەستەی یەدەگی ئۆتۆمبێلیان لە ئێران کردووە، بەڵام راستەوخۆ ئاماژەی بە هیچ لایەن و کۆمپانیایەکی رووسی نەداوە.

ئەو ئەندامە دەشڵێت، “ئەو پارچانەی کە کۆمپانیاکانی رووسیا داوایان کردووە بریتین لە: پارچەکانی ئیستۆپ، کیسی پەرەشووت، پارچەکانی ساردکەرەوە و چەندین پارچەی دیکە.”

ئەمە لە کاتێکدایە، ئەمریکا سزای بەسەر رووسیا و ئێران سەپاندووە، بەڵام هەناردەکردنی پارچەی ئۆتۆمبێلی ئێرانی ناکەوێتە ژێر سزاکان. هەرچەندە تاران لە ساڵی 2018ـەوە هیچ ئۆتۆمبێلێکی هاوردە نەکردووە.