قەرزی 150 ملیۆن دیناری دەدرێت بە تەندروستكاران

150 ملیۆن دینار دەدرێت بە هەر پزیشك و تەندروستكارێك بۆ پەرەپێدانی پڕۆژەی پزیشكی.

بانكی ڕافیدەین ڕایگەیاند، قەرزی 150 ملیۆن دیناری دەدرێت بە توێژی تەندروستكاران و قەرزەكە پزیشكان، پزیشكانی ددان، پزیشكانی ڤێتێرنەری، دەرمانسازان، خاوەنی تاقیگەكان، خاوەنی كۆگاكانی پزیشكی كە كیمیاگەر و تەكنیككارانی پزیشكی دەگرێتەوە، لەگەڵ خانەنشینانی ئەو بوارانە.

نووسینگەی ڕاگەیاندنی بانكی ڕافیدەین ئەمڕۆ چوارشەممە لە ڕاگەیەندراوێكدا ئاشكرایكرد، “ئامانج لە پێدانی قەرزەكە، پارەداركردنی چالاكیی تەندروستكاران و پەرەپێدانی پڕۆژەكانی داهاتوویانە”.

بانكی ڕافیدەین چەندین قەرز و پێشینە دەدات بە هاوڵاتییان و ئەمڕۆ سندوقی نیشتەجێكردن لە وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن و شارەوانییە گشتییەكانی عێراق ڕایگەیاند، ئەمساڵ زیاتر لە دوو تریلیۆن دیناری لە ڕێگەی بانكە حكومییەكانەوە وەك پێشینە داوە بە هاوڵاتییان و مووچەخۆران و زیاتر لە 150 ملیار دیناری لە مانگی ئەیلوولدا دابەشكراوە.