قائیمقامی سلێمانی: بەشێكی زۆری سەرپێچیەكان نەزانینە نەك چاوچنۆكی

ئاوات محەمەد قائیمقامی سلێمانی دەڵێت، بەشێكی زۆری سەرپێچیەكان لە نەزانینەوەیە نەوەكو چاوچنۆكی و هەڵخڵەتاندنی كڕیاران و جەخت لەوەش دەكاتەوە ئامانجی لیژنە هاوبەشەكان زیان گەیاندن نییە.

قائیمقامیەتی سلێمانی لە بڵاوكراوەیەكدا ئاماژەی بەوەداوە، ئاوات محەمەد لەگەڵ لیژنەی باڵای لیژنە هاوبەشەكان كۆبوەتەوەو لە كۆبونەوەكەدا وتویەتی، لەپێناوی پاراستنی بەرژەوەندی گشتی و تەندروستی هاوڵاتیان لیژنە هاوبەشەكان روبەڕوی ئەركەكانی نیشتیمانی و ئاینی و كۆمەڵایەتی بونەتەوە، ئەویش چاودێریكردنی دوكان و بازاڕ و شوێنە گشتییەكانە، جێگەی دەستخۆشییە و بەوپەڕی دڵسۆزییەوە ئەركەكانی سەرشانیان جێبەجێ دەكەن.

وتوشیەتی، بنەمای كاركردنی لیژنە هاوبەشەكان زیان گەیاندن نییە بە كار و بازاڕی هیچ كەسێك بەڵكو ئامانجی سەرەكییان پابەندكردنی شوێنەكانە بەمەرجەكانی تەندروستی و رێنماییەكانی دیكەی كاركردن، ئەوەش سود بە دوكاندار و بازرگانەكانیش دەگەیەنێت.

لە بەشێكی تری قسەكانیدا قائیمقامی سلێمانی وتویەتی، بەشێكی زۆری ئەو سەرپێچیانەی تۆماردەكرێن، لەئەنجامی نەزانینەوەیە نەك چاوچنۆكی و خەڵەتاندنی كڕیاران بۆیە لەكاتی پابەندنەبونی هەرشوێنێك، شوێنەكە و خاوەنەكەی روبەڕوی رێكارە یاساییەكان دەكەنەوە.