بانکی ناوەندیی عێراق رێگەدەدات لە دەفتەرێك دۆلار تا دوو دەفتەر دۆلار ببرێتە دەرەوە

بانکی ناوەندیی عێراق رایگەیاند:” رێگە بە هێنانەژوورەوە و بردنەدەرەوەی هەر بڕە پارەیەک دەدرێت لە 10 هەزار دۆلاری ئەمریکی زیاتر بێت و لە 20 هەزار دۆلار کەمتر بێت، جا ئەو پارەیە هەر دراوێکی دیکەش بێت، بەو مەرجەی خاوەنەکەی ئاشکرای بکات کە ئەو بڕە پارەیەی پێیە و بەڵگە پێشکێش بکات لەبارەی مەبەست لە هێنانەژوورەوە و بردنەدەرەوەی. ئەگەریش بەڵگەی سەلمێنەر نەبن دەبێت گەشتیارەکە بەڵێننامەیەک پڕبکاتەوە کە لە ماوەی 30 رۆژدا لە رۆژی ئاشکراکردنی بڕە پارەکە بەڵگەکان پێشکێش دەکات”.

ئەمڕۆ دووشه‌ممه‌ 22ی تشرینی دووه‌می 2021، بانکی ناوەندیی عێراق، لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت ئەو رێکارانە بۆ کەمکردنەوەی مەترسییەکانی هێنانەژوورەوە و بردنەدەرەوەی پارەیە لە سنوورەکانی عێراق و قۆستنەوەیەتی بۆ سپیکردنەوە “یان دابینکردنی پارە بۆ تیرۆر”. ئاماژەی بەوەش کردووە، دەبێت هەموو گەشیاران پێی پابەندبن.

لە راگەیێندراوەکدا ئەوەشی روونکردووەتەوە، ئەو رێکارانە بەپێی یاسای بەرەنگاربوونەوەی سپیکردنەوەی پارە و پارەدارکردنی تیرۆری ژمارە (39)ی ساڵی 2015 دەرکراون.

بانکی ناوەندیی عێراق رۆژی یەکشەممە 21-11-2021 ئەو رێنوێنییانەی لە ماڵپەڕی خۆی بڵاوکردووەتەوە، تێیدا دەڵێت، رێگە بە هێنانەژوورەوە و بردنەدەرەوەی هەر بڕە پارەیەک دەدرێت لە 10 هەزار دۆلاری ئەمریکی کەمتر بێت، بەبێ ئەوەی خاوەن پارەکە ئاشکرای بکات کە ئەو بڕە پارەی پێیە، جا ئەو پارەیە بە هەر دراوێکی دیکەش بێت.

لە خاڵێکی دیکەشدا ئەوە خراوەتەڕوو، رێگە بە هێنانەژوورەوە و بردنەدەرەوەی هەر بڕە پارەیەک دەدرێت لە 10 هەزار دۆلاری ئەمریکی زیاتر بێت و لە 20 هەزار دۆلار کەمتر بێت، جا ئەو پارەیە هەر دراوێکی دیکەش بێت، بەو مەرجەی خاوەنەکەی ئاشکرای بکات کە ئەو بڕە پارەیەی پێیە و بەڵگە پێشکێش بکات لەبارەی مەبەست لە هێنانەژوورەوە و بردنەدەرەوەی. ئەگەریش بەڵگەی سەلمێنەر نەبن دەبێت گەشتیارەکە بەڵێننامەیەک پڕبکاتەوە کە لە ماوەی 30 رۆژدا لە رۆژی ئاشکراکردنی بڕە پارەکە بەڵگەکان پێشکێش دەکات.

بانکی ناوەندیی عێراق ئاماژەی بەوەش کردووە، رێگە بە هێنانەژوورەوە و بردنەدەرەوەی هیچ بڕە پارەیەک نادرێت لە 20 هەزار دۆلاری ئەمریکی زیاتر بێت، جا ئەو پارەیە بە هەر دراوێکی دیکەش بێت، بەڵکو دەبێت هێنانەژوورەوە و بردنەدەرەوەی ئەو بڕە پارەیە تەنیا لە رێگەی دەزگا داراییەکانەوە بێت.

رونیشیکردووەتەوە، رێگە بە هێنانەژوورەوە و بردنەدەرەوەی هیچ بڕە پارەیەک نادرێت لە یەک ملیۆن دیناری عێراقی زیاتر بێت، بە دراوی دیناری عێراقی بێت، ئەگەرچی خاوەنەکەی ئاشکراشی بکات کە ئەو بڕە پارەیەی پێیە، بڕە پارەکەش دەستی بەسەردا دەگیرێت و رێکارە یاساییەکان بەرامبەری دەگیرێنەبەر.

هەروەها بەردە دەگمەنەکان و کانزا بەهادارەکان ئەگەر بەهایان زیاتر لە 10 هەزار دۆلاری ئەمریکی بێت، دەبێت ئاشکرا بکرێن.

لە دوایین خاڵیشدا بانکی ناوەندیی عێراق دەڵێت، ئامرازە داراییەکان کە دەکرێت مامەڵەیان پێوە بکرێت لەلایەن هەڵگرەکەیەوە، یان بگوازرێنەوە لەنێو یان دەرەوەی عێراق لە رێگەی کەسێکەوە یان پۆستە و کارگۆ، کە بەهایان دەگاتە سەرووی 10 هەزار دۆلاری ئەمریکی، دەبێت ئاشکرا بکرێن.