عێراق تەواوی بەرهەمی جوتیارانی هەرێم وەردەگرێت

ئەمڕۆ وەرگرتنی گەنمی جوتیاران لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد و بەڕێوەبەری کۆمپانیای بەبازاڕکردنی دانەوێڵەی عێراق رایگەیاند، تەواوی گەنمی جوتیاران دەکڕنەوە.

د. حەیدەر نورى، بەڕێوەبەری کۆمپانیای بەبازاڕکردنی دانەوێڵەی عێراق لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، “ئەمڕۆ وەرگرتنی گەنمی جوتیاران لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد، ئامادەکاریی و رێکەوتنی پێویست بۆ ئەو پرسە کراوە، لە ئێستادا پارەی پێویست لە بانکەکاندا هەیە بۆ ئەوەی دوای رادەستکردنی گەنمەکە راستەوخۆ چەکی بانک بدرێت بە جوتیاران”.

ئاماژەی بەوەشکرد، “لە راستیدا لیژنە هاوبەشەکە بە سەرۆکایەتی وەزیری کشتوکاڵی عێراق بڕیاریداوە 375 هەزار تۆن گەنمی جوتیارانی هەرێم وەربگیرێت، بەڵام لەدوای ئەم بڕە هەر بڕێکی دیکە هەبێت لاریمان نییە و لە سایلۆکان لە جوتیاران دەکڕدرێتەوە”.

بڕیاربوو ئەمڕۆ نوێنەری جوتیارانی هەرێم بۆ چارەسەرکردنی کێشەی وەرگرتنی بڕی دیاریکراوی بەرهەمەکانیان سەردانی بەغداد بکەن، ئەم لێدوانەی بەڕێوەبەری کۆمپانیای بەبازاڕکردنی دانەوێڵەی عێراق کۆتایی بەو کێشەیە هێنا کە بۆ جوتیارانی هەرێم دروستببوو.