پرۆفیسۆرێکی بواری جیۆلۆجی: کوردستان پڕە لەکانزاو کەرەسە خاو کە سەرچاوەی داهاتن‌و سوودیان لێوەنەگیراوە

Aerial view of Zagros Mountains.

ئا: رێژەن سەردار

پرۆفیسۆرێک لەبەشی جیۆلۆجی زانکۆی سلێمانی ئاماژە بەوە دەکات کە هەرێمی کوردستان پڕە لەکانزاو کەرەسەی خاوی بەنرخ، بەڵام سوودی لێوەنەگیراوە، ئەو دەڵێت “ئەگەر وەبەرھێنان لەکانزاکان بکرێت‌و پشتیوانی لەسەرمایەدارانی ناوخۆ بکرێت، زۆربەی گەنجەکانمان هەلی کاریان دەستدەکەوێت‌و هەرێمی کوردستان زۆر دەبوژێتەوە لەڕووی ئابورییەوە”.

دکتۆر فازڵ ئەحمەد لاوە، پرۆفیسۆر لەبەشی جیۆلۆجی زانکۆی سلێمانی سەبارەت بەگرنگترین ئەو کانزایانەی لەزنجیرە چیاکانی زاگرۆسدا هەڵکەوتون، بەڕۆژنامەی “بازرگانی‌و پیشەسازی” راگەیاند زنجیرە چیاکانی زاگرۆس درێژیەکەیان زیاتر لەدوو ھەزار کیلۆمەترە، بەڵام ئەو بەشەی دەکەوێتە ھەرێمی کوردستان نزیکەی ٣٠٠ کیلۆمەترە، ئەو وتی “زنجیرە چیاکانی زاگروس لەباکوری ڕۆژھەڵاتی تورکیاوە دەستپێدەکات تاکو کەنداوی عومان درێژ دەبێتەوە، لەو بەشەی دەکەوێتە کوردستان کانزاو کەرەسەی خاوی فلزیمان زۆرە، ناوچەکانی ماوەت‌و چوارتاو قەڵادزێ‌ بەردی ئاگری‌و گۆڕاوی زۆریان تێدایە، بەڵام ناوچەکانی تری چیای زاگرۆس بەردی جۆری نیشتوویان تێدایە، بەپێی جۆری بەردەکان‌و مێژووی جیۆلۆجی ناوچەکە جۆری کانزاکان‌و کەرەسە خاوەکان دەگۆڕێت، بۆ نمونە میتالییەکان ئەو جۆرەی گۆگردی لەگەڵدایە، وەک مس‌و قورقوشم‌و زینک، ئاسن، ئەمانە لەناوچەکانی شلێرو پێنجوێن‌و ماوەت‌و قەڵادزێ‌و قەندیل زۆرن، هەروەها بەشێکی تری بەردەکانی زاخۆ کۆبوەتەوە کە جیاوازن لەڕووی تەمەن‌و پێکھاتەوە”.

وتیشی “لەم زنجیرە چیایانەی کوردستاندا کانزا بەشێوەی سروشتی ھەیەو بەشێوازی بەردیش ھەیە، ئەم کانزاو کەرەسە خاوانە سەرچاوەیەکی سەرەکی سامانی نیشتیمانین‌و دەکرێ ببنە سەرچاوەی داهاتیش، لەکۆنەوە لەسەردەمی پاشایەتیییەوە ئینگلیزەکان کاریان تێدا کردوەو ڕاپۆرتیان لەسەر کانزاکانی کوردستان کردوەو پۆلێنیان کردوە بۆ شەش بلۆکی گەورە، ئەوانەی کە ئێستا ھەمانە لەکانزاو کەرەسەی خاو دەتوانرێت پیشەسازی گەورەی لەسەر بنیاتبنرێت، وەبەرھێنانی تێدا بکرێت، داهاتی وڵاتەکە زیاتر بکات، بەڵام بەداخەوە تاکو ئێستا ھەرێمی کوردستان خاوەنی یاسایی وەبەرھێنانی کانزا نیە، ئەوەی ھەیەو کاری پێدەکرێت هەر یاسای وەبەرھێنانی کانزای عێراقییە”.

ئەم پرۆفیسۆرە جەغت لەوە دەکات کە تاکو ئێستا وەزارەتی سامانە سروشتیەکان وەبەرھێنانی لەکانزاکاندا نەکردووە، ئەو وتی “بەداخەوە ئەوەی کراوە کەرتی تایبەت‌و سەرمایەداری نیشتیمانی کردویانە لەھەندێک شوێن وەبەرھێنانیان کردووە لەکەرەسەی خاودا بەتایبەتی لەکەرەستەی بیناسازیدا کە سەرەکترینیان پیشەسازی چیمەنتۆیە، بەڵام لەکانزاو کەرەسە خاوەکانی تردا وەبەرهێنان نەکراوە. هەرچەندە ئێمە لەپارێزگای سلێمانی گەورەترین وەبەرھێنەری چیمەنتۆین لەسەر ئاستی عێراق، بەڵام لەبواری کەرەستەی خاوەکان وەک گەج‌و خشت‌و کاشی‌و مەڕمەڕو مادەی داپۆشەری بیناسازیی کە بوارێکی زۆر گەورەن بۆ وەبەرھێنان، وەک پێویست کارمان نەکردوەو نەمانتوانیوە ھەلی کار بۆ گەنجەکانمان وەک پێویست بڕەخسێنین، بەمەرجێک ئەگەر وەبەرھێنان لەکانزاکان بکرێت‌و پشتیوانی لەسەرمایەدارانی ناوخۆ بکرێت، زۆربەی گەنجەکانمان لەم بوارانەدا کاریان دەستدەکەوێت‌و ناوچەکە زۆر دەبوژێتەوە لەڕووی ئابورییەوە، بەڵام بەداخەوە لەو بوارەدا کاری باش نەکراوەو لایەنە پەیوەندیدارەکان کەمتەرخەمن” .
وتیشی “بۆ نمونە لەم کوردستانەدا بینا نییە کە دروست دەکرێت گەچی تێدا بەکارنەهێنرێت، بەڵام یەک کارگەی گەچی گونجاو نیە، ئەوە زۆر سەرنج ڕاکێشە، کە کوردستان‌و عێراقیش زۆر پێویستیان پێیەتی، بوارێکی تر دیکۆراتی بیناسازییە وەک سەقفی مەغریبی کە لەکوردستان بەتەواوەتی پشتگوێخراوە”.

سەبارەت بەوەی کە هۆکاری ئەم کەموکورتیانە ناگەڕێتەوە بۆ ئەوەی ئێمە خاوەنی تەکنەلۆجیای باش‌و سەردەمیانە نین، ئەو وتی “ئێمە خاوەنی پلانی باش نین، ئەگەر پلانی باش ھەبێت تەکنەلۆژیا بەردەستە، بەداخەوە لەکوردستان وەبەرھێنان لەتوانای مرۆڤەکاندا نەکراوە، دەنا دەیانتوانی وەبەرهێنانی باش بکەن، ژینگەی وەبەرھێنانمان بڕەخسانایە بەرهەممان زیاتر دەبوو، ئێمە لەکوردستان هەست دەکەین ژینگەی وەبەرهێنانمان گیروگرفتی زۆر تێدایە، ئێمە کاتی خۆی نوسراوێکمان وەک مامۆستایانی زانکۆ بۆ ڕێکخستنی بواری کانزاو بەردەکانی کوردستان پێشکەشی ئەنجومەنی وەزیران کرد، بەڵام تا ئێستا وەڵامیان نەداوینەتەوە، سەبارەت بەتەکنەلۆجیا دەبێت بزانین کە ئێستا ھەموو جیھان تەکنەلۆژیای چین بەکاردەھێنت، ئێمەش دەتوانین سوودی لێوەربگرین. کارگەی چیمەنتۆکانمان بەنمونە”.

وتیشی “بەداخەوە لەئێمە لەساڵانی ١٩٩١و ١٩٩٢ەوە کە کۆمەڵەی جیۆلۆجی کوردستانمان دامەزراند، سەردانی بەرپرسان دەکەین بۆ ئەم مەبەستە، بەڵام بەداخەوە کەمتەرخەمن، بەتایبەتی وەزارەتی سامانە سورشتیەکان‌و فەرمانگەی نەوت‌و کانزاکان کە پێشتر “روماڵی جیلۆجی” بوو، بەلام لەبری ئەوەی گەشەی پێبدەن لەوەزارەتەوە کرا بەفەرمانگەو بچوک کرایەوە. ئیستا بروانن سەرجەم کارگەکانی بڕینی بەردو بەردی مەرمەڕ داخراون، کە بەراستی ئەمە کارەساتە لەپرۆسەی ئابوریدا، کارگەکانی ناوچەی پیشەسازی زۆربەیان داخراون‌و ستافەکانیان بێکار بوون، هۆکاری سەرەکی ئەوەیە حکومەت پشتگیری بەرھەمی ناوخۆ ناکات، بەداخەوە ئێستا یەک کارگەی بەرد بڕین لەکوردستاندا نیە”.

ئەم پرۆفیسۆرەی بواری جیلۆجی ئەوە رون دەکاتەوە کە لەھەرێمی کوردستان کەرەسەی خاو زۆرە، یەکێک لەوانە بەردی لایمستۆنە، ئەو وتی “ئەم بەردە بۆ پیشەسازی چیمەنتۆ کاری تیا کراوە، بەڵام بۆ پیشەسازی دەرمانی‌و کیمیاوی تاکو ئێستا سودمان لێوەرنەگرتووە، هەروەها بەردی نەقاری‌و بەردی قوڕ تاکو ئێستا ئیشی تێدا نەکراوە، بەردە میتالییەکان لەسنورەکان کەم تا زۆر کاریان تێدا کراوە، بەڵام کارکردنەکە وەک پێویست نیە، جونکە پێویستی بەتەکنیک‌و تەکنەلۆجیاو ئامێری پێشکەوتووە، باشترین ڕێگا ئەوەیە کۆمپانیا جیھانیەکان لەگەڵ وەبەرھێنەری خۆماندا بەھاوبەشی کار بکەن، ئەمەش پێویستی بەیاسایە. تا ئێستا رەشنوسێک هەیە لەپەرلەمانی کوردستان سەبارەت بەکانزا فلزی‌و نافلزییەکان، بەڵام تا ئیستا نەبووە بەیاسا، ساڵی ٢٠١٦ وەزارەتی سامانە سروشتییەکان حەوت بواری کانزای ڕاگەیاند ١٤ کۆمپانیا داواکاری پێشکەش کرد، بەڵام تاکو ئێستا وەلامیان نەداونەتەوە، بەهۆی نەبوونی یاسایەکی تایبەت بەم بوارە”.

وتیشی “بەڕای من گرنترین کار کە لەئێستادا بکرێت ئەوەیە پلانێک دابنرێت لەگەڵ ئەندازیاران‌و جیۆلۆجیەکان‌و مامۆستایانی زانکۆ گفتوگۆ بکرێت، لەبارەی ئەو پیشەسازیانەی کە دەکرێت بەکەمترین تێچون‌و زۆرترین داھات‌و ھەلی کار بۆ گەنجان لەڕێگەی کانزاو کەرەسە خاوەکانمانەوە بڕەخسێنرێن بەھاوکاری وەزارەتی سامانە سروشتیەکان‌و وەزارەتی خوێندنی باڵا، لەگەڵ دەرکردنی یاسایەک کە لەگەڵ یاساکانی حکومەتی ناوەندی عێراق کێشەمان بۆ دروست نەکات”.