عێراقییەكان لە ڕیزبەندیی پێشەوەی كڕیارانی موڵكن لە توركیا

بەپێی ئامارێكی فەرمی، لە ساڵی ڕابردوودا 68 هەزار و 600 موڵك لە توركیا بە ‏كەسانی بیانی فرۆشراون، لە نێویاندا عێراقی و ئێرانییەكان ڕیزبەندیی یەكەمیان گرتووە.‏

محەمەد زەكی ئادلی، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرێتیی گشتیی تۆماری خانوبەرەی توركیا ‏ڕایگەیاندوە، فرۆشی موڵك بە كەسانی بیانی لە ساڵی 2018ەوە بەشێوەیەكی بەرچاو ‏زیادیكردووە.‏

بەوتەی بەرپرسە توركییەكە، “توركیا بە پەناگەیەكی ئارام دادەنرێت سەبارەت بە ‏هاوڵاتییانی وڵاتانی عەرەبی و خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، هاوڵاتی ئەو وڵاتانە دەڵێن توركیا ‏دەكەینە پەناگە و شوێنی مانەوە ئەگەر لە وڵاتەكانمان تووشی گرفت بووین”.‏

بەپێی ئامارەكان، لە ساڵی 2021دا 68 هەزار و 600 موڵك بە كەسانی بیانی فرۆشراون، ‏لەوانە 64 هەزار و 500یان شوێنی نیشتەجێبوون بوون، نزیكەی چوار هەزاری پارچە ‏زەوی بووە، كۆی گشتیی بەهاكانیان بە 40 ملیار لیرەی توركی دەخەمڵێندرێت.‏

ئاشكراشیكرد، هاوڵاتییانی عێراق و ئێران لە ڕیزبەندیی پێشەوەی كڕیارانی موڵكن لە ‏توركیا لەماوەی ساڵی ڕابردوودا، بەدوایاندا هاوڵاتییانی ڕوسیا، بەریتانیا، ئەڵمانیا و ‏ئەفغانستان دێن.‏

زەكی ئەوەشی خستەڕوو، شارەكانی ئیستەنبوڵ، ئەنتاڵیا، ئەنقەرە و مۆگلا لە ڕیزبەندیی ‏ئەو شارانەی توركیادان كە زۆرترین موڵكیان تێدا فرۆشراوە بە كەسانی بیانی.‏