پارکی ئازادی.. پارکە بێنازەکەی شار

ئا: رێژەن سەردار

پارکی ئازادی یەکێکە لەجوانترین پارکەکانی شاری سلێمانی، کە بەهۆی هەڵکەوتنییەوە لەناوەڕاستی شاردا، رۆژانە خەڵکێکی زۆر بۆ بەسەربردنی کات‌و خەم رەوێنییان سەردانی دەکەن، بەڕێوەبەری باخچەکانی سلێمانی دەڵێت “چوار گەراج‌و یانەی کۆمەڵایەتی شارو ڕیستورانتەکانی دیوان‌و ڕێوان‌و فرۆشگاو کافتریاکان‌و ٥ کۆشک لەناو پارکی ئازادی ھەن، لەگەڵ یاری سکێت، داھاتەکانیان بۆ حکومەتی ھەرێمە بۆ پارکی ئازادی نیە، یەک دینار نایەتە خەزێنەی بەرێوبەرایەتی باخچەکانەوە”.

کامەران حەمەساڵح عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری باخچەکانی سلێمانی بە”بازرگانی‌و پیشەسازی” راگەیاند “لەناو پارێزگای سلێمانی ٦٠٠ باخچەو پارک ھەن، لەئێستادا مانگانە بڕی ٢٥ ملیۆن دینارمان بۆ سەرف دەکرێت، دەبێت لەو بڕە پارەیە گاز بکڕین، کەلوپەلی شکاوی پێ چاک بکەینەوەو سۆندەی پێ بکڕین، ئەگەر کورسیەک یان مزخەیەکی ناو باخچەکان بشکێت دەبێت لەو پارەیە بیگۆڕین، لەساڵانی پێش ٢٠١٤ دۆخەکە باشتر بوو، قەیران نەبوو بودجەمان ساڵانە ٣ ملیار دینار بوو، ئێستا ساڵانە یەک ملیارو ١٠٠ ملیۆن دینارە”.

ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد کەمی بودجە کاریگەری ھەبووە لەسەر خزمەتکردنی باخچەکان، ئەو وتی “کەمی بودجە بەڕێژەیەکی بەرچاو کاریگەری ھەبووە، ئەگەر نەتوانین کورسیەک بشکێت چاکی بکەینەوە یان سیانەی بکەین یان خەتاسی تازە بکڕین وای لێدێت لەپارکەکان تەنھا دارو درەخت‌و چیمەن دەبینرێت، خزمەتکردنی پارکەکان پێویستی بەپارەو بوجە ھەیە، لەئێستادا بودجەی ئێمە سنوردارە، ناتوانین زیادی بکەین، لەبەرئەوە داواکارین خاوەنکاران‌و بازرگانانی شاری سلێمانی ھاوکارمان بن”.

وتیشی “ئێمە سەر بەشارەوانین ئەبێت ئەوان مشوری ئەم دۆخە نالەبارە بخۆن، بەڵام شارەوانیش مشوری قیر بخوات، کۆنکرێت بخوات، بۆیاخی شەقامەکان بخوات، فریای ئێمە بکەون، شارەوانی خۆشی بودجەکەی کەمە”.

بەڕێوەبەری باخچەکانی سلێمانی ئەوە روندەکاتەوە کە کێشەی کەمی کارمەندیان هەیە، ئەو وتی “ئێمە لەساڵی ٢٠١٤وە ژمارەی باخچەو پارکەکانمان کەم کردۆتەوە، ناتوانین باخچەی تر دروست بکەین، لەبەرئەوەی میلاکی ھەموو باخچەکانی سلێمانی بەپارکەکانەوە ٦٥٠ باخەوانە، پارکی ئازادی تەنھا ٣٠ باخەوانی ھەیە”.

وتیشی “لە ماوەی ڕابردوودا ڕێکخراوی”GIZ” ی ئەڵمانی ھاوکاری باخچەکانی دکردووە، ئەو رێکخراوە کرێکارمان بۆ دەگرێت بۆ پاکردنەوەو کێڵان‌و خزمەتکردنی باخچەکان، تاکو ئێستا بەردەوامە بەڵام کەمی کردوە و ساڵانە دوو سێ جارە”.

کامەران ئاماژە بەوەش دەکات هۆکار زۆرن کە وایانکردووە پارکی ئازادی بێ خزمەتی پێوە دیار بێت، ئەو وتی “ماوەیەک لەمەوبەر نوسینێک بڵاوکرایەوە کە گوایە لەبەڕێوەبردنی پارکی ئازادیدا کەمتەرخەمی ھەیە، بەڵام شتەکان ئاوا نین‌و قسەی زۆر ناڕەوایە، بەداخەوە کورسییەکان‌و یارییەکانی ناو پارکەکە لەلایەن ھەندێک ھاوڵاتی نابەرپرس دەشکێنێرێت، ئەم حاڵەتە مانگانە دووبارە دەبێتەوە، لەئێستادا ھەندێک لەھاوڵاتیان وایان لێھاتووە داری ڕاگرەکانمان دەبەن، ئێمە ساڵانە گڵ دەکەینە ناو باخچەکان، ئەم ساڵ ٩٠ گەڵابە گڵمان تێکردوە، کە ئەمە دەبێتە خۆراک بۆ چیمەنەکان، لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا باران گڵەکەی ڕاماڵی بوو بۆ سەر شەقامەکانی پارکەکە، بەھۆی پشوی فەرمی سەری ساڵاوە نەتوانرابوو پاک بکرێتەوە”.

وتیشی “ئەو کورسیانەی شکاوە بەشێکی لەلایەن ئێمەوە چاک دەکرێتەوە، بەشێکی دیکەی ھاوڵاتیانی دڵسۆزی سلێمانی چاکی دەکەنەوە، ئەو کەسەی نوسینەکەی بڵاوکردەوە ئەگەر دڵسۆزی پارکی ئازادی بوایە خۆی کورسیەکەی چاک دەکردەوە کە ١٥ ھەزار دیناری تێدەچێت، یارییەکانی ناو پارکی ئازادیش بۆ ھەمیشە نین ئەڵدەوەشێن، دەبێت سیانە بکرێن لەئێستادا سەرقاڵی سیانە کردین‌و یارییەکان چاک دەکەینەوە”.

بەڕێوەبەری باخچەکانی سلێمانی ئەوە روندەکاتەوە کە ڕێوشوێن دەگرنە بەر دژی ئەو کەسانەی لەپارکەکان کورسی دەشکێنن‌و سیمای باخچەکان دەشێوێنن، ئەو وتی “بەدڵنیایی زۆرجار ئەو کەسانە دەستگیر دەکرێن‌و غەرامە دەکرێن، بەڵام بەپێی ڕێنماییەکانی حکومەتی ھەرێم پارەی ئەو غەرامە کردنانە نایەتە خەزێنەی ئێمەوە وەکو بەڕێوبەرایەتی باخچەکانی سلێمانی، بەڵکو دەچێتە ناو خەزێنەی حکومەتەوە”.

سەبارەت بەهۆکاریی بێ خزمەتیی دەریاچە دەستکردەکانی ناو پارکی ئازادی، کامەران وتی “ئەو دەریاچانە لەوەرزی بەھاردا ئاویان تێناکرێت، چونکە بیرەکانمان ئاویان تێدا نیە، ساڵی ٢٠٢١ کارێزەکانیشمان وشکی کرد بەھۆی وشکە ساڵییەوە کە دیاردەکە کوردستان‌و عێراق‌و زۆرێک لەوڵاتانی جیھانی گرتەوەو لەدەسەڵاتی کەسدا نەبوو، تیمەکانی ئێمە دەریاچەکەیان پاک کردۆتەوە ئاوی تازەیان تێدەکرێت”.

سەبارەت بەوەش کە لەناو پارکی ئازادیدا ژمارەیەک گەراج‌و ڕیستوڕانت‌و کافتریاو فرۆشگا بەکرێ دراوە بۆچی داھاتەکانیان ناخریتە خزمەتی پارکەکە، بەڕێوەبەری باخچەکانی سلێمانی وتی “داھاتەکانیان بۆ پارکی ئازادی نیە، وەکو چۆن کۆشکی سەر شەقامەکان دراوە بەکرێ‌و داھاتەکەی دەچێتە خەزینەی شارەوانی سلێمانییەوە، چوار گەراج‌و یانەی کۆمەڵایەتی شارو ڕیستورانتەکانی دیوان‌و ڕێوان‌و فرۆشگاو کافتریاکان‌و ٥ کۆشک لەناو پارکی ئازادی ھەن، لەگەڵ یاری سکێت، داھاتەکانیان پۆ حکومەتی ھەرێمە بۆ پارکی ئازادی نیە، یەک دینار نایەتە خەزێنەی بەرێوبەرایەتی باخچەکانەوە”.