شاندێکی ژووری بازرگانی سلێمانی سەردانی لەندەن ده‌كات

ژووری بازرگانی سلێمانی لە میانی وەفدێکی بازرگانی کە لەلایەن یەکێتی ژوورەکانی بازرگانی و پیشەسازی کوردستانەوە ڕێکخراوە سەردانی وڵاتی بەریتانیا دەکات لە بەرواری ٢٢-٠٥-٢٠٢٢.

سیروان محەمەد، جێگری سەرۆکی یەکێتی ژوورە بازرگانیەکانی هەرێم و سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی ڕایگەیاند” بانگهێشتکردنمان لەلایەن سەرۆکی ڕێکخراوی ئەنجومەنی عێراقی بەریتانی (بارونە نیکۆڵسۆن) لە بارەگای ئەنجومەنی نوێنەرانی بەریتانیا بەمەبەستی سوپاسکردنمان بۆ کاروبارەکانی ئەنجومەنی بازرگانی عێراقی بەریتانیا کە ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی ڕۆڵێکی بەرچاوی تێدا گێراوە”.

راشیگەیاند” ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی هەماهەنگیەکی بەرچاوی کردووە لەگەڵ ئەنجومەنی بازرگانی عێراقی بەریتانی کە ساڵانە سەرۆکی ژوور و چەند بازرگانێک بەشداری کۆنفرانس و پێشانگاکانیان دەکەن لە وڵاتی بەریتانیا کە ئەمەش بووەتە هۆی دروستبونی پردێکی ئابوری و بازرگانی باش لە نێوان بازرگانانی سلێمانی و بەریتانیا”.

ئاماژەی بەوەشدا” ڕێکخستنی ئەم کۆبونەوەیە بەمەبەستی زیاتر گرنگیدان بە پەیوەندییە ئابوری و بازرگانییەکانە کە ژمارەیەکی زۆر بەرپرسی حکومی و کەرتی تایبەت و بازرگانی گەورە بانگهێشتکراون لە عێراق و بەریتانیا”.

بڕیاروایە لەڕۆژی ٢٥ی مانگ کە دەکاتە ٤ شەمە یەکێتی ژوورەکانی بازرگانی و پیشەسازی کوردستان یاداشتنامەتەکی لێک تێگەشتن لەگەڵ ژووری بازرگانی ناوخۆی خۆرئاوای لەندەن واژۆ بکەن بەمەبەستی زیاتر پتەوکردنی پەیوەندییە ئابوری و بازرگانییەکان لەنێوان هەردولادا کە ئەمە ڕۆڵێکی بەرچاوی دەبێت وەبەرهێنەران و بازرگانانی هەردولا بواری زیاتری وەبەرهێنان و بازرگانیان بۆ بڕەخسێت و هەماهەنگی زیاتر دروست ببێت لە نێوانیان.