بازرگانێکی سلێمانی: خورما لەخاوەن کێڵگەکانی عێراق دەکڕینەوە و دەیخەینە بازاڕەوە

بازرگانێکی خورما لەشاری سلێمانی ڕایدەگەیەنێت ”لە مانگی ڕەمەزاندا خورما خواستی لەسەر زیاد دەبێت، لەئێستادا بڕێکی زۆر خورما لەبازاڕدا هەیە و لەدوکانەکاندا دەفرۆشرێت”.

میران عەبدولستار، بازرگانی خورما لە شاری سلێمانی بۆ سایتی ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی وتی” هەموو جۆرەکانی خورما لەبازاڕدا هەیە، ئەو خورمایانەی ئێمە هەمانەو دابەشی دەکەین لە بازاڕدا بەرهەمی ناوخۆی عێراقە کە لە مانگی حەوت تا مانگی نۆ بەرهەم دێت و ئێمە ئەو خورمایە لە خاوەن کێڵگەکان دەکڕینەوە دواتر جۆرەکانیان جیا دەکەینەوە پاشان لە بەڕادا هەڵی دەگرین و دەیخەینە بازاڕەوە بەپێی خواست و داواکاری بازاڕ”.

وتیشی”لەڕەمەزانی ئەمساڵدا نرخی خورما بەراورد بە پار ساڵ گرانترە هۆکارەکەشی بەرزبونەوەی نرخی دۆلارە وە زیادبونی باج و کرێی کارەبا و کرێی بەڕاد وە کڕینی کارتۆن لە وڵاتانی دیکەوە کەنرخەکەی زیادی کردووە بۆیە هەندێک لە خورماکان لە چاو پار ساڵدا زیادبووە، بۆ هەر کارتۆنێک خورمای برێمی پار ڕەمەزان بە نۆ هەزار دینار فرۆشراوە بەڵام ئەمساڵ بە دونزە هەزار دینارە، جۆری خورمای بەرخی پار ڕەمەزان بە چوار هەزاربووە ئەمساڵ بە شەش هەزار دینارە”.

ئەو بازرگانە ئاماژە بەوەشدەکات، خورمای عێراقی خواستی زیاتر لەسەرە لەکاتی کڕین لە خواروی عێراق نرخەکەی زیادیکردووە و بەگران دەگات بەدەستی ئێمە.

خورما بە سەرەکیترین خواردنی مانگی ڕەمەزان دادەندرێت کە هاوڵاتیان دەیکڕن و ڕۆژوی پێ دەشکێنن.