سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان یاداشتێکی لەیەکتێگەشتنمان لەگەڵ ئیمارات واژۆ کرد

مەسرور بارزانی، لە ئەژماری خۆی نوسیویەتی، “یاداشتێکی لەیەکتێگەیشتنمان دەربارەی ئاڵوگۆڕی زانیاری و شارەزایی لە بواری نوێکردنەوەی کاروباری حکومەتداری ئەلیکترۆنی لەگەڵ وەزیری کاروباری ئەنجومەنی وەزیرانی دەوڵەتی ئیمارات واژۆ کرد”.

ئەمڕۆ سێشەممە 29ی ئاداری 2022، مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، لەگەڵ محەمەد قرقاوی وەزیری کاروباری ئەنجومەنی وەزیرانی دەوڵەتی ئیمارات، یادداشتێکی لەیەکتێگەیشتنمان دەربارەی ئاڵوگۆڕی زانیاری و شارەزایی لە بواری نوێکردنەوەی کاروباری حکومەتداری واژۆ کرد.

لە بڵاوکراوەکەدا، ئەوەش خراوەتەڕوو لە ناوەڕۆکی لەیەکتێگەیشتنەکەدا، ئاماژە بە پەیوەندی و هەماهەنگیی بەهێزی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئیمارات کراوە کە لەو چوارچێوەیەدا، دەوڵەتی ئیمارات هاوکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات لە پێشخستنی کاروبارەکانی حکومەت.

هەروەها، بۆ برەودان بە توانا مرۆیی و دامودەزگاکانی حکومەت و سوود وەرگرتن لە ئەزموونی سەرکەوتووی ئیمارات لە بواری حکومەتی ئەلیکترۆنی و بەدیجیتەڵکردنی خزمەتگوزارییەکان.

مه‌سرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دوێنێ دووشەممە، له‌میانی به‌شداریكردنی له‌ كۆڕبه‌ندی جیهانیی وزه‌ کە لە ئیمارات بەڕێوەدەچێت وتارێكی به‌ناوی “بەرەوپێشبردنی وزە، هەناردەکردن و ئاییندەی هەرێمی کوردستانی عێراق” پێشكه‌ش كرد و رایگه‌یاند، “لە هەموو هەنگاوێکی رۆژانەتاندا و بە شێوازێکی بەردەوام و راستەوخۆ وزە به‌کارهاتووە، هیچ وڵاتێکی دیكه‌ لە جیهان بەم شێوەیە کاریگەر نەبووە”.

له‌ وتاره‌كه‌یدا سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، “پاش پەنجا ساڵ ئیمارات هه‌ردوو ئامانجه‌كه‌ی به‌دیهێنا، وڵاتی ئێوە هێزبەخشە بە هەموو ناوچەکە و سەرکردایەتیەکەی بە شێوازێکی ژیرانە سەرچاوە سرووشتیەکان و توانا مرۆییەکانی بەکارهێنا”.