سەرۆکی ژوور لەگەڵ یەکەی ئابوری کۆنسوڵخانەی ئەمریکا کۆبۆیه‌وە

لەبارەی رەوشی بازرگانی و پیشەسازی لە سنوری پارێزگای سلێمانی سەرۆکی یەکەی ئابوری کۆنسوڵخانەی گشتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەهەولێر کۆبونەوەیەکی تایبەتی لەگەڵ سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی و بەڕێوەبەری گشتی ژوور ئەنجامدا.

سیروان محەمەد، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی و د.سەلام عبدووڵا، بەڕێوەبەری گشتی ژوور لەشاری سلێمانی کۆبونەوەیەکی تایبەتیان لەبارەی ڕوەشی بازرگانی و پیشەسازی لەشاری سلێمانی لەگەڵ(سێث پاچ) سەرۆکی یەکەی ئابوری کۆنسوڵخانەی گشتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەهەولێر ئەنجامدا.

لەسەرەتای کۆبونەوەکەدا سیروان محەمەد، ڕایگەیاند “شاری سلێمانی بەردەوام هەوڵیداوە ببێتە پێشەنگ لەکاری بازرگانی و پیشەسازی هەربۆیە توانیومانە لە ٪ ٣٢ پیشەسازی کوردستان دابین بکەین و هەناردەی بکەین بۆ هەموو عێراق، کاردەکەین ببیەن سەنتەری بازرگانی بۆ هەموو پارێزگاکانی عێراق لەڕێگەی گەورەترین گەنجینەوە کە تایبەتە بەژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی لەسەر ڕوبەری ٣٨٢ دۆنم زەوی خۆی دەبینێتەوە لە ٦٠٠ گەنجینە بەڕوبەری جیاواز هەموو جۆرە کارێکی بازرگانی تێدایەو کۆمپانیا گەورەکان کاڵاو پێداویستیەکانیان تیادا هەڵدەگرن و لێوەی پەخشدەکەنەوە بۆ هەمو عێراق”.

راشیگەیاند “شاری سلێمانی خاوەنی گەورەترین پێشانگای نێودەوڵەتییە کەساڵانە پێشانگای تیادا دەکرێتەوە بەرهەمی ووڵاتانی تیادا نمایش دەکرێت لەزۆربەی ووڵاتانەوە کۆمپانیاکان بەشداری دەکەن هەر بۆیە خوازیارین بەرهەمی کۆمپانیا ئەمریکیەکانیش بتوانن لەو پێشانگایە بەشداربن و کاڵاکانیان بەبازرگانان بناسێن کە لەتەواوی عێراقدا سەردانکەری پێشانگای سلێمانی هەیە”.

ئاماژەی بەوەشدا، جەنگی نێوان ڕوسیا و ئۆکراینا کاریگەری لەسەر تەواوی جیهان هەبووە ئێمەش لەسەر پەیوەندیەکانمان بەردەوامین بۆ ئەوەی ئەو بۆشایە پڕکەینەوە کە لەکاڵاو خۆراکدا ھەبووە، هەر بۆیە لە ماوەی ڕابردودا سەردانی ووڵاتی کەنەدا و یۆنان و بەریتانیا و ئەرمینیامان کرد ئەمەش بۆ زیاتر گرنگیدان بەپەیوەندییە بازرگانییەکان و دۆزینەوەی کۆمپانیای بەرهەم هێنانی نوێی خۆراک تابتوانین ڕێکەوتنیان لەگەڵدا بکەین و کاری هاوبەش بکرێت.

سێث پاچ، سەرۆکی یەکەی ئابوری کۆنسوڵخانەی گشتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەهەولێر لەکاتی کۆبونەوەکەدا ڕایگەیاند، خۆشحاڵین بە پێشکەوتنە ئابوری و بازرگانی و پیشەسازییەکان لە سنوری پارێزگای سلێمانی وە دەمانەوێت کەرتی کشتوکاڵ ڕۆڵێکی گرنگ ببینێت لە پێشخستنی شاری سلێمانی و دەرفەتێکی باش دەبێت بۆ زیادکردنی بەرهەمی ناوخۆی و گەشەکردنی خۆراک.

ئاماژەی بەوەشدا، پرۆژەی بچوک و مام ناوەند پێویستە ڕۆڵی گەورە بگێڕێت لە پێشخستنی کەرتی پیشەسازی و بەرەوپێشچونی ڕۆڵی تایبەت لە سەرخستنی کەرتی ئابوری و بازرگانی.

سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی، لەکۆتایدا جەختی لەسەر ئەوەکردەوە تواندراوە ژووری بازرگانی بەشی کشتوکاڵی بکاتەوە وە توانیویەتی لەگەڵ بەرهەمهێنەرانی کشتوکاڵ لەشاری سلێمانی پەیوەندییەکی باشیان هەبێت و پەیوەندی زۆریان بۆدروستبکات لەگەڵ ووڵاتانی پێشکەوت و لەکەرتی کشتوکاڵدا، وە پرۆژەی خانوە پلاستیکیەکان لەسنوری پارێزگای سلێمانی ١٥ هەزار دانەی تێپەڕاندووە بەرهەمێکی زۆر باشیان هەیە و توانیویانە بەرهەمی ناوخۆی پڕ بکەنەوە و هەناردەی شارەکانی خواروی عێراقی بکەن، لەشاری سلێمانی تواندراوە پرۆژەی کێڵگە پەلەوەریەکانیش ڕۆڵی سەرەکی بگێڕن لە بەرهەم هێنانی مریشکی زندوو پاشان خستنە بازاڕ و ناردنی بۆ تەواوی شارەکانی عێراق، ئەمەش دەستکەوتێکی گرنگە بۆ شاری سلێمانی.

جەختی لەوەکردەوە لەسنوری پارێزگای سلێمانی ساڵانە زۆرترین بەرهەمی پەتاتە بەرهەم دەهێندرێت و بەکارگەی ناوخۆ بۆ دروستکردنی جبس بەکاردێت.