سەرۆکی ژوور بەشداریکرد لە مەڕاسیمی تەواوکردنی راهێنانی توانای ئابوری ژنان

بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو؛نەواد غەفور، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی، مەڕاسیمی تەواوکردنی راهێنانی بەهێزکردنی توانای ئابوری ژنان لەشاری هەولێر بەڕێوەچوو.

ئەم دەستپێشخەریە کاری هاوبەشی نێوان وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێم و بەرنامەی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ پەرەپێدان و ئاژانسی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکایە، بۆ پەرەپێدانی تواناکانی ٢٠٠ ژنی دەرچووی کشتوکاڵی دانەمەزراو تا سەرەنجام بچنە بازاڕی پیشەسازی خۆراک.

رێورەسمەکە ئەمڕۆ دووشەممە ٣ی حوزەیران، لە پارێزگای هەولێربە ئامادەبونی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، سەرۆکی ژووری بازرگانی وپیشەسازی سلێمانی ، ژمارەیەک لە بەرپرسانی حکومی و نوێنەری کۆنسوڵیەتەکان و دەرچوانی خولەکە بەڕێوەچوو.

قوباد تاڵەبانی، لە ڕێوڕەسمەکەدا ڕایگەیاند: ئەتوانین پێناسەی ئەم ڕاهێنانە بەوە بکەین کە (بچوک لەڕواڵەت گەورە لە ناوەڕۆک)، بوچوک بەومانایەی تەنها باس لە ڕاهێنانی ٢٠٠ دەرچوی زانکۆکانمان دەکەین، گەورەیە چونکە زۆربەی ئەولەویەتەکانی کاری سیاسی و ستراتیجی چەندین ساڵی بەندەی موخلیستانی تێدا کۆکراوەتەوە، گەورەیە لەبەر ئەوەی ئەم هەنگاوە دەتوانێت دەستپێكێک بێت بۆ بەهێزکردنی ئابوری هەرێمی کوردستان، هەمەجۆرکردنی ئابوری هەرێمی کوردستان و بەکشتوکاڵ کردنەوەی هەرێمی کوردستان.

ئاماژەی بەوەشدا: ناکرێت هەموو تواناکانمان خەرجبکەین لە پێناوی سامانە سروشتیەکان و وزە، بەڵکو پێویستە هێندەی نەوت و غاز بگرە زیاتریش کارلەسەر کەرتەکانی پەروەردە و خوێندنی باڵا و تەندروستی و کشتوکاڵ و گەشتوکاڵ و پیشەسازی و بیناسازی و ڕێگاوبان خەرجبکەین.

خولەکە بە دەستپێشخەری کاری هاوبەشی نێوان وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێم و بەرنامەی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ پەرەپێدان و ئاژانسی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا ئەنجامدرا.

نەوزاد غەفور، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی لەمەراسیمەکەدا ڕایگەیاند، دڵخۆشبوم کەدەبینم لەخولێکی ڕاهێناندا دەرچوانی کشتوکاڵ شارەزادەبن لە ئامادەکردنی پیشەسازی خۆراک ئەمە گرنگی زۆری دەبێت بۆ بازاڕی ناوخۆی هەریم و کەرتی کشتوکاڵ، ڕۆڵی ژنان بەرز دەنرخێنین چونکە دەتوانن ببنەهاوکاری پیاوان و پیشخستنی کەرتی بازرگانی و پیشەسازی، یارمەتی دەرێکی گرنگ دەبن بۆ خێزانەکانیان، لەسێکتەری کشتوکاڵیدا توانیویانە شوێن دەستیان دیاربێت و کارو داهێنانی گەورەبکەن لەهەرێمی کوردستان ئەمەش وایکردووە بتوانن تواناکانی خۆیان بسەلمێنن.

راشی گەیاند، ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی هەمیشە پشتیوانی ڕۆڵی ژنانبووە هاوکری تەواویانبوە لەکاتی دەستپێکردنی هەر کار و پرۆژەیەک لە سنوری پارێزگای سلێمانی هەمیشە هەوڵی تەواویداوە بۆ پێشخستنی کەرتی کشتوکاڵ و پیشەسازی خۆراکی.

سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی ئاماژەی بەوەشدا، راهێنان و بەهێزکردنی توانای ئابوری ژنان گرنگی خۆی دەبێت بۆ زیادکردنی دەرفەتی کار و بەرزکردنەوەی توانای ژنان، هیوادارین حکومەتی هەرێم گرنگی زیاتر بەم ڕاهێنانەبدات و ژنانی زیاتر سودمەندبن.