سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی بەشداری لە کۆنفرانسی کارسازانی کوردان لە ئەوروپا دەکات

سیروان محەمەد، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی بەشداری لە کۆبونەوەی کارسازان کوردان لە ئەوروپا دەکات.

سیروان محەمەد، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی جێگری سەرۆکی یەکێتی ژوورە بازرگانییەکانی کوردستان، لە وڵاتی ئەڵمانیا لە شاری فرانکفۆرد بەشداری کرد لە کۆنفرانسی یەکێتی کارسازانی کوردان لە ئەوروپا، لە کۆنفرانسەکەدا سەرۆکی بەشێک لە ژوورە بازرگانییەکانی باکوری کوردستان بەشدار بوون.

لە کۆنفرانسەکدا سیروان محەمەد وتەیەکی پێشکەش کرد و ڕایگەیاند “ھەرێمی کوردستان لە ئێستادا، گەشەسەندی زۆر باشی بەخۆیەوە بینیوە و پرۆژەی وەبەرھێنان تێدا زیاد بووە، شارێ سلێمانیش لە کەرتەکانی پیشەسازی و کشتوکاڵیدا پێشەنگە، ھیوادارین کۆمپانیا و وەبەرھێنەرانی بیانی بێنە شاری سلێمانی و لەو کەرتانەدا پرۆژەی وەبەرھێنان ئەنجام بدەن.

ئاماژەی بەوەشدا، یاساکانی وەبەرھێنان لە ھەرێمی کوردستان ئاسانکاری بۆ ئەو کۆمپانیا وەبەرھێنەرە بیانیانە دەکات کە لە کوردستان کارگە دروست دەکەن و پڕۆژەی وەبەرھێنان ئەنجام دەدەن، ئێمەش وەکو ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی سەرجەم ئاسانکاریەک دەکەین، ھیوادارین وەبەرھێنەرانی بیانی بە ھاوبەشی لەگەڵ بازرگانی کوردستان پرۆژە ئەنجام بدەن”.

لە کۆنفرانسەکەدا کۆمپانیا و بازرگانانی ھەرێمی کوردستان و باکوری کوردستان و کۆمپانیا و بازرگانی بیانی بەشدار بوون، ئامانج لە ڕێکخستنی کۆنرانسەکە ئەوەیە کوردان لەسەرجەم پارچەکانی کوردستان بەیەکتر ئاشنا بن و بتوانن کاری ھاوبەش ئەنجام بدەن.

لەکۆنفرانسەکدا خەڵاتێکی ڕێزلێنان بەخشرایە سیروان محەمەد، سەرۆکی ژووری بازرگانی و  پیشەسازی سلێمانی و جێگری سەرۆکی یەکێتی ژوورە بازرگانییەکانی ھەرێمی کوردستان.