کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەریەکان زیانی چوار مانگیان ڕاگەیاند

سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکان رایدەگەیەنێت “لەماوەی چوار مانگدا زیانی زۆر بەر خاوەن کێڵگە پەلەوەریەکان کەوتووە و زۆربونی نەخۆشی پەلەوەری و گرانبونی پێداویستیەکان هۆکارێکی سەرەکین لەخراپی رەوشی هۆڵەکانی بەرهەم هێنانی مریشکی زیندوو”.

 نازم عبدوڵا جاف، سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەریەکان لەسنوری پارێزگای سلێمانی ڕایگەیاند “بەپێی بەدواداچونەکانی کۆمەڵەکەمان لەهەموو هەرێمی کوردستاندا لەماوەی ئەم چوار مانگەدا بەپێی بەدواداچونەکانمان ئەگەر ٧٠٠ هۆڵ زیانی بەرکەوتبێت هەر هۆڵێک ٢٥ ملێۆن دیناربێت زیانەکەی ئەوا ئەکاتە زیاتر لە  ١٧ ملیار دینار زیان بەر خاوەن پرۆژەکان لە هەرێمی کوردستان کەوتووە”.

راشیگەیاند “زیانەکان زۆر لەوە زیاترە بەڵام ئێمە بەڕێکەی کەمتر دەیخەینەبەرچاو لەبەرئەوەی نرخی تەواوی کاڵاکان لەسەر خاوەن کێڵگەکان گارنبووە و نەخۆشیش بەردەوام لەزیادبونە”.

نازم جاف، جەخت لەوە دەکاتەوە گەر حکومەت هاوکاریان نەبێت و پشتیوانیان نەکات لە ساغکردنەوەی بەرهەمەکانیان ئەوا کەرتی پەلەوەر بەتەواوی مایەپوچبونی خۆی ڕادەگەیەنێت و چیتر بەرگەی ئەو هەمو زەرەرو زیانە ناگرن.