سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە وەزیری بازرگانی دەرەوەی هۆڵەندا دەکات

لە کۆبوونەوەیەکدا مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە لیشیە شراینماخەر، وەزیری بازرگانی دەرەوەی هۆڵەندا دەکات و تێیدا سوپاسی هۆڵەندا دەکات کە لە بواری هەمەجۆرکردنی ئابووری و سەرچاوەکانی داهات و بنیاتنانی ژێرخانێکی بەهێز بۆ ئابووری کوردستان هاوکاربووە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 28 ی نیسانی 2022 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە شاندێکی هۆڵەندی کرد بە سەرۆکایەتی لیشیە شراینماخەر، وەزیری بازرگانی دەرەوە و هەماهەنگیی گەشەپێدان. لە کۆبوونەوەکەدا کە میشێل ڕێنتەنار باڵیۆزی هۆڵەندا لە عێراق ئامادەی بوو، وەزیری دەوڵەتی هۆڵەندا بۆ کاروباری بازرگانی دەرەوە و هەماهەنگیی گەشەپێدان، سڵاو و ڕێزی سەرۆک وەزیرانی هۆڵەندای بە سەرۆکی حکومەت گەیاند و ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان لە بوارەکانی ئالوگۆڕی بازرگانی و وەبەرهێنان و پێشخستنی کەرتی کشتوکاڵی دەربڕی.

لای خۆشیەوە سەرۆکی حکومەت سوپاسی هاریکاری و پشتیوانی هۆڵەندای کرد و ئاماژەی بە کارنامەی چاکسازی کابینەی نۆیەم کرد لە بواری هەمەجۆرکردنی ئابووری و سەرچاوەکانی داهات و بنیاتنانی ژێرخانێکی بەهێز بۆ ئابووری کوردستان .

هەروەها دەرفەتەکانی باشترکردنی سیستمی بانکی لە هەرێمی کوردستان، پشتگیریکردنی بزنسی بچووک، گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا و کاریگەرییەکانی لە سەر ئابووری ، و پرسی کۆچبەران، چەند تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکانی دیدارەکە بوون.