ژووری بازرگانی سنە: وەبەرهێنانی بیانی بووەتە هۆی گەشەی ئابووری و سیاسی هەرێمی کوردستان

سەید کەمال حوسێنی سەرۆکی ژووری بازرگانی سنە ئاماژەی دا باشتربوونی دۆخی ئابووری و سیاسی هەرێمی کوردستان لە ساڵانی رابردوودا هۆکاری سەرەکییە لەوەی ژمارەیەکی زۆر لە کرێکارانی رۆژهەڵاتی کوردستان بە تایبەتی شارە سنوورییەکا رووی تێ بکەن.
بەگوێرەی ئافتاب، ئەو باس لە هۆکاری شپرزەی ناوخۆیی دەکات و دەڵێت لە لایەک رێژەی بێکاری بەرز بووەتەوە و لە لایەکی تر بەهای تمەن دابەزیوە و کرێکاران لە هەرێمی کوردستان کاریان بە داهاتێکی زیاتر دەست دەکەوێت.
لە ساڵانی رابردوودا هەرێمی کوردستان پێشوازی لە وەبەرهێنانی بیانی کردووە و هەر ئەوەش وایکردووە دۆخی ئابووری و سیاسییەکەی باشتر بێ. سەرۆکی ژووری بازرگانی سنە پێی وایە وەبەرهێنانی بیانی لە هەرێمی کوردستان توانیویەتی ژێرخانی کەرتە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان بەهێز بکات و بە لەبەرچاوگرتنی بەرزبوونەوەی وەبەرهێنان و ئاوەدانکردنەوە، هەلی کار زیاتر بووە و هەرێمی کوردستان پویستی بە کرێکاری زیاتر هەیە و هەر بۆیەش لە ساڵانی رابردوودا هەزاران کرێکاری ئێرانی روویان تێ کردووە و خەریکی کارکردنن.
پێویستە بوترێت ژمارەیەکی زۆری کرێکاری رۆژهەڵاتی کوردستان لە پڕۆژەکانی هەرێمی کودستان کار دەکەن و ژمارەیەکی زۆریش مافی نیشتەجێبوونی ساڵانەیان وەرگرتووە و خاوەنی پیشە  و کاری جیاوازن.
ئەو باسی لە پێوەندییە بازرگانییەکانی نێوان سنە و هەرێمی کوردستان کرد و گوتی ساڵی رابردوو لە پارێزگاکەوە بە بەهای 432 ملیۆن دۆلار هەناردەیان بۆ هەرێمی کوردستان هەبووە کە بەراورد بە ساڵی رابردوو 26%  زیادی کردووە.
هەروەها ئاماژەی دا بایی زیاتر لە 41 ملیۆن دۆلار هاوردەیان هەبووە و کە بەراورد بە ساڵێک پێشتر 23% دابەزیوە.
بەوتەی ئەو بەرپرسەی بازرگانی سنە تورکیا بە گەورەترین رەکابەری ئێران لە پێوەندی بازرگانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەژمار دەکرێت، تورکیا بە بەهای 18  ملیار دۆلار بۆ هەرێمی کوردستان هەناردەی هەبووە لە کاتێکدا هی ئێران نیوەی ئەو قەبارەیەیە.
هەر یەک لە وڵاتانی چین، هندستان، ئەڵمانیا، کۆریای باشوور و سعوودیە بە رەکابەرەکانی تری ئێران لە عێراق هەژمار دەکرێن.