سۆمۆ: هەناردەی نەوتی عێراق لە مانگی تەمموزدا 10.5 ملیار دۆلار بووە

کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوت (سۆمۆ) رایگەیاند، بڕی نەوتی هەناردەکراوی عێراق لە مانگی تەمموزدا 102 ملیۆن و 385 هەزار و 49 بەرمیل بووە، کە دەکاتە 10 ملیار و 541 ملیۆن و 594 هەزار و258 دۆلار. هەروەها راشیگەیاند عێراق پەیوەستە بە بڕیارەکانی ئۆپیکەوە بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنانی نەوت.

لەوبارەیەوە بەڕێوەبەری گشتیی سۆمۆ، عەلاء ئەلیاسری وتی: “لەم ماوانەی دواییدا رێکخراوی وڵاتانی هەناردەکردنی نەوت (ئۆپیک) عێراقی پەیوەست کرد بە زیادکردنی هەناردەکردنی نەوت بۆ بڕی 3 ملیۆن و 800 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا”.

هەروەها ئەلیاسری وتیشی: “زیادەی هەناردەکردنی نەوتی عێراق، بەشێوەیەکی راستەوانە لەگەڵ ئاستی بەرهەمهێنانی پلان بۆ داڕێژراو لە چوارچێوەی رێکەوتنی ئۆپیکدا دەگونجێت”.

جێگای ئاماژەیە داهاتی نەوتی عێراق لە مانگی حوزەیراندا گەیشتە 11 ملیار و 350 ملیۆن دۆلار.