دادگای ژووری بازرگانی نێودەوڵەتی‌و ڕۆڵی لەیەکلاکردنەوەی کێشەی عێراق‌و تورکیا

پێش ئەوەی باس لەکرۆکی بابەتەکە بکەین دەبێت ئاوڕێک لەمێژووی ژووری بازرگانی نێودەوڵەتی بدەین، وەکو ئەوەی زانراوە یەکەم ژووری بازرگانی لەئاستی جیهان لەبەندەری مارسیلیای فەرەنسی لەساڵی ۱٥۹۹ دامەزراوە دیارە دوای ئەوە لەزۆربەی شارە گرنگەکانی جیهان دامەزرا، لەبەر گرنگی ڕۆڵی لەچالاکردنی بازرگانی بەپێویست زانرا لەساڵی ١٩١٩ ژووری بازرگانی نێودەوڵەتی دابمەزریتو بارەگاکەی لەپاریسی پایتەختی فەرەنسا بێت، هەر لەوکاتەوە توانیویەتی هەڵسێت بەکارەکانی وەکو یەکێک لەدامەزراوە جیهانییە چالاکەکان کە سنوری چالاکیەکەی ١٨٠ وڵات بگرێتەوە، دیارە ئەمەیش لەبەرئەوەی جوڵەی بازرگانی سنوری وڵاتانو بگرە کیشوەرەکانیشی بەزاند، ئەمەیش وایکرد بازرگانانی جیهانی بۆ رێکخستنی کارەکانیان پەنا بەرن بۆ ئەم جۆرە دامەزراوە گرنگە، لێرەدا دەتوانین کارو چالاکیەکانی ژووری بازرگانی نێودەوڵەتی لەم چەند خاڵەی خوارەوە دیاری بکەین:

١/ لەکارە هەرە گرنگەکانی وەکو تاقە رێکخراوی نێودەوڵەتی نوێنەرایەتی کەرتی کار دەکات، بۆیە سەرسەختانە داکۆکی لەمافە ڕەواکانی ئەم کەرتە دەکات.
٢/ رۆڵێکی گرنگی هەیە لەڕوپێوکردنی سەرجەم کارو چالاکیکانی ئەم کەرتە بەشێوەی بەرفراوان.
٣/ چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی لەنێوان خاوەنکارەکانو بازرگانەکان دێتە ئاراوە لەڕێی دادگا تایبەتەکەیەوە
٤/ بەرگری لەئەنجامدانی بازرگانی ئازاد.
٤/ دژایەتی گەندەڵیو ڕێگەرتن لەتەشەنەسەندنی لەئاستی جیهان.
٥/ نەهێشتنی تاوانە بازرگانیەکان.
٦/ ڕاستەوخۆ دەتوانێت پەیوەندی بکات بەحکومەتی وڵاتان بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکانی ئەم کەرتە، ڕاوبۆچونی خۆی بەڕاستو دروست دەردەبڕێت بۆ چارەسەرکردنیان.
٧/ کارئاسانی بۆ دروستکردنی بازاڕ بۆ ساغ کردنەوەی کاڵاو ڕێخۆشکردن بۆ خستنەگەڕی سەرمایەگوزاریی.
٨/ ڕای خۆی هەیە لەکاتێکدا لەلایەن حکومەتەکانەوە باس لەمافی خاوەنداریەتی فکری، سیاسەتی گواستنەوە، یاساکانی بازرگانی، تەنانەت کێشەو گرفتەکانی ژینگەش.
٩/ لەهەمانکاتدا ڕۆڵی دیاری هەیە لەڕێکخستنو دانانی سستمی گونجاو بۆ کاری بازرگانی ئەلکترۆنی.
١٠/ نوسینی وتاری بەپێز لەلایەن بەرپرسە باڵاکانی ژوور لەگۆڤارو رۆژنامە پڕ بایەخەکانی جیهان کە زیاتر گوزارشت لەکارو ئەرکەکانی ژوورو پاڵپشتی لەمافەکانی خاوەن کارو کۆمپانیاو بازرگانەکان دەکات، هەروەها پاڵپشتی لەسازدانی کەشی گونجاو دەکات بۆ سەقامگیر کردنی بازاڕی ئازاد.
١١/ بەرپرسانی ژوور بەشێوەی بەردەوام دانیشتنیان هەیە لەگەڵ بەرپرسانی یەکەمی هەشت وڵاتە دەوڵەمەندەکەی جیهان بۆ ئاڵوگوڕی ڕاو بۆچون لەمەڕ ڕوداوە پێشبینی کراوەکان سەبارەت بەکەرتی بازرگانی نێودەوڵەتی.
١٢/ ژوور ڕۆڵێکی کارای هەیە لەسەرجەم ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانو هاوکارێکی بەئەمەکی نەتەوە یەکگرتوەکانو ئاژانسە جیاجیاکانیەتی.
١٣/ ڕۆڵی هەیە لەهەماهەنگی داڕشتنەوەی هەر یاسایەک پەیوەندیدار بێت بەکەرتی کار چ لەسەرئاستی وڵاتان یان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی وەک ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکانو ڕێکخراوی بازرگانی نێودەوڵەتی.
١٤/ ژووری بازرگانی نێودەوڵەتی هەمیشە خۆی گونجاندوە لەگەڵ هەموو گۆڕانکارییەکانی جیهان چ لەو کارەساتو جەنگانەی ڕوبەڕووی جیهان بوەتەوە تا رادەیەک لەسەرەتای جەنگی جیهانی دووەم لەساڵی ١٩٣٩ بارەگای خۆی گواستەوە وڵاتێکی بێلایەنی جەنگ، ئەویش وڵاتی سوید بوە، زۆر هەماهەنگ بووە لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی جیهانگیریی (عەولەمە).
١٥/ ئەم دامەزراوەیە زیاتر لە ٣٠٠٠ شارەزای کۆمپانیا گەورەکانی جیهان رێنوینی دەکەن بۆ هەموو پێشهاتیکی نوێ.

کارامەیی ئەم دامەزراوەیە دەگەڕێتەوە بۆ لێهاتوویی یەکەم سەرۆکی، ئەویش (ئیتیان کلیمنتل) وەزیرێکی پێشووتری بازرگانی فەرەنسا بوو، کەسێکی بەئەمەکو لێهاتوو بوو، ڕۆڵێکی بەرچاوی هەبووە لەدامەزراندنی دادگای دادوەریی نێودەوڵەتی سەر بەم ژوورە. لەساڵی ١٩٢٣ ڕۆڵی ئەم ڕێکخراوە بەشێوەی بەرچاو دوای جەنگی جیهانی دووەم دەرکەوت، کاتێ یەکەم کۆبونەوەی لەئەتڵەنتا بەست بەئامادەبونی نوێنەری بەلجیکا، بەریتانیا، فەرەنسا، ئیتالیا، ئەمریکا. بەوە نەوەستا تا زیاتر لە ١٣٠ وڵاتو هەزاران کۆمپانیای گەورەی پیشەسازیو خزمەتگوزاریی دەستڕۆشتوو لەسەر ئاستی جیهان بوونە ئەندام.
ساڵانە بەسەدان کێشە هاتووەتە دادگای ژووری بازرگانی بەمەبەستی دادوەریی، بەشێوەیەک لەدوای ساڵی ١٩٩٩ بەتێکڕا ساڵانە ڕووبەڕووی ٥۰۰ کێشە بوەتەوە بۆ چارەسەر کردنیان، بەدریژایی چالاکی ئەم دادگایە چاو بە ٢٣ هەزارو ٣٠٠ کێشەدا خشاندوە بەمەبەستی چارەسەرکردن.
یەکێک لەو کێشانەی کە ئێستا لەبەردەسیەتی دۆسیەی هەناردە کردنی نەوتی کوردستان لەڕێی تورکیا کە بوەتە مایەی مشتومڕی هەردوو حکومەتی عێراقو تورکیا لای دادگای ژووری بازرگانی نێودەوڵەتی سەرەتاکەشی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی کوتایی خولی دووەمی دەسەڵاتداریەتی نوری مالکی کە تێیدا داوای ٢٦ ملیاری دەکرد لەحکومەتی تورکیا سەبارەت بەقەرەبووکردنی ئەو زیانەی بەر عێراق کەوتووە لەئەنجامی هەناردە کردنی نەوت هەرێم لەڕێی تورکیا. هەرچەندە ئەم کێشەیە بەچەند قوناغێک تێپەڕیوە لەسەردەمی حکومداری حەیدەر عەبادی لەکوتایی ساڵی ٢٠١٤ هەڵپەسێنرا، دوای لەساڵی ٢٠١٧ دیسانەوە بەگەڕ خرایەوە، دوایی دیسانەوە لەسەردەمی عەبادی هەڵپەسێنرا، هەرچەندە کازمی بەدۆستی کورد دەژمێردرێت لەلایەن هێزە شیعەکان، بەڵام لەم چەند ڕۆژەی دواییدا دیسانەوە ئەم کێشەیە لەدادگای ژووری بازرگانی ورژێنرا، دیارە وەکو چۆن هەموو کیشەکانی عێراق لەنێوان هێزە گەورەکان بەسیاسی کراوە، ئەمەیش جارو بار دەبێتە باسوخواسی سیاسییەکان لەلایەکەوە، بۆ بەئاگاهێنانەوەی تورکیاو بادانی باڵی دەسەڵاتدارانی کورد بۆ ئەوەی سازشیان پێبکەن بۆ پێکهێنانی ئەم حکومەتە چەقبەستووە، هەرچەندە عێراق چەند خۆی بەخاوەن حەق بزانێت لەڕووی واقیعییەوە، بەڵام لەڕووی کردەیی هیچی پێناکرێت بەرانبەر بەدەوڵەتی تورکیا لەم ساتەوەختەدا، چونکە لەڕووی ناوخۆ زۆر شپرزەیەو لەڕووی هەرێمایەتی کەوتوەتە ژێر رەحمەتی تورکیاو ئێران بۆ دابینکردنی ئاو، بەتایبەت ئێران نەک ڕێگریی لەبەشی ئاوی عێراقی دەکات، بەڵکو بەپێی ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان، بگرە ڕێرەوی زۆربەی ئاوی ڕوبارەکانیشی گۆڕیوە کە دەهاتنە ناو خاکی عێراق، ئەوەی ماوە ئەو ئاوەیە کە لەسنوری تورکیاوە بۆی دێت، بۆیە حکومەتی عیراق زۆر جدی نیە لەوروژاندنی ئەم کێشەیە کە ئاکامەکەی زۆر مەترسیدارە، ئەویش بێبەشکردنی عێراقە لەئاوی دیجلەو فورات، کە سەرچاوەکانیان وڵاتی تورکیایە.
ئەو پرسیارەی دێتە ئاراوە دەبێت ئەم دادگایە چەندێک پشوو دریژ بێت بۆ ئەوەی ئەم کێشە ئاڵۆزکاوە چارەسەر بکات؟ دەبێت ئەو ڕۆژە کەی بێت حکومەتی عێراقی شاد بێت بەوەرگرتنی ئەو قەرەبووە ٢٦ ملیار دۆلارییە لەحکومەتی تورکیا؟!
کە هەمووشمان دەزانین لەئاستی ئەم کێشەیە حکومەتی تورکیا، کورد وەتەنی مێشیش میوانی نیە. ئەم دادگایە ئەگەر تەنها لەساڵی ٢٠١٧دا ڕووبەڕووی چارەسەرکردنی ١٥٠٠ کێشە بووبیتەوە دەبێت چەندی لەم جۆرەی تێدا بووبێت؟
لەکۆتاییدا هیوادارم عێراق هەموو کێشەکانی چارەسەر بکاتو هاوڵاتیان بەئاسودەییو سەرفرازی لەسایەی بحەسێنەوە لەهەمانکاتدا حکومەتی هەرێم بتوانێت ڕێڕەویکی گونجاو بدۆزێتەوە بۆ هەناردە کردنی نەوتو گازە سروشتییەکەی، ئیتر رزگاری بێت لەدەست یاری پشیلەو مشکەکەی لەگەڵ حکومەتی بەغدا، کە چەندین ساڵە پێوەی گیرۆدە بوە، ئەم دادگایەیش بتوانێت سەرقاڵیی کەم بێتەوە بۆ یەکلاکردنەوەی کێشەکانی تری بازرگانانو خاوەنکاران.