سوودانی بۆ چارەسەری قەیرانی لەناکاوی کارەبا لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتەکانی کارەبا و نەوت کۆبوویەوە

سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی رایگەیاند کە لەئێستادا، ئاستی بەرھەمھێنانی کارەبا گەیشتووەتەوە، ٢٦ ھەزار میگاوات و ئاماژەی بەوەیشدا کە سەقامگیریی ئاستی بەرھەمھێنانی کارەبا، ملکەچی مەرجی بەردەوامی ھەناردەکردنی غازە لەلایەن ئێرانەوە.

سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی مەبەستی بەداوداچوون بۆ راستی بەرھەمھێنانی کارەبا، ھەروەھا دانانی چارەسەری پێویست بۆ قەیرانی لەناکاو لە دابینکردنی کارەبای نیشتمانیی لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتەکانی کارەبا و نەوت کۆبووەوە.

بەپێی راگەیەندراوێکی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەکەدا، پێداچوونەوە بەو رێوشوێنانە کراوە کە بە ئامانجی دۆزینەوەی چارەسەری خێرا بۆ رووبەڕووبوونەوەی قەیرانی پچڕانی غازی ھاوردەکراو لە ئێران گیراونەتەبەر.

سەرۆکوەزیرانی عێراق جەختی کردووەتەوە لەسەر ئەوەی کە حکوومەت ھۆکارە راستەقینەکانی قەیرانی کارەبای دەست نیشان کردووە، ھەروەھا سێ چارەسەریان لەسەر ئاستەکانی چارەسەری دەستبەجێ، مامناوەند و درێژخایەنیان بۆ قەیرانی کارەبا داناوە و رایگەیاند: “چارەسەرەی دەستبەجێ بۆ قەیرانی کارەبا، خۆی لە تەواوکردنی پڕۆژەکانی چاککردنەوە، تەواوکردنی وێستگەکانی بەرھەمھێنان و چالاککردنی سیستەمی ساردکردنەوە و جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی دابەشکردنی کارەبای لەخۆ دەگرێت”.

محەمەد شیاع سوودانی ئاماژەی بەوەیشداوە کە لەئێستادا، ئاستی بەرھەمھێنانی کارەبا لە عێراق گەیشتووەیە ٢٦ ھەزار میگاوات و ئەوەیش بەرزترین ئاستی بەرھەمھێنانی کارەبایە کە لە مێژووی عێراقدا تۆمار بکرێت و راشیگەیاندووە کە سەقامگیری بەرھەمھێنانی کارەبا، ملکەچی مەرجی بەردەوامی ھەناردەکردنی غازە لەلایەن ئێرانەوە.

محەمەد شیاع سوودانی ھەروەھا باسی لە ھۆکارەکانی کەمکردنەوەی ھەناردەکردنی غاز لەلایەن ئێرانەوە بۆ عێراق کرد و رایگەیاند کە سزاکانی ئەمریکا، ھەروەھا پابەند نەبوون بە میکانیزمی پێدانی شایستە داراییەکانی غاز کە لە ساڵی ٢٠١٨ رێککەوتنی لەسەر کراوە، بووەتە ھۆی کەمبوونەوەی ھەناردەکردنی غاز لەلایەن ئێرانەوە بۆ عێراق کە کاریگەریی نەرێنی لەسەر سیستەمی بەرھەمھێنانی نیشتمانیی کردووە.

بەگوتەی بەرپرسانی وەزارەتی کارەبای عێراق بۆ پڕکردنەوەی پێدوایستییەکان، پێویستییان بە ٣٠ ھەزار میگاوات کارەبا ھەیە.

عێراق ساڵانێکی زۆرە بۆ دابینکردنی غاز وەک سووتەمەنی بۆ وێستگەکانی بەرھەمھێنانی کارەبا پشت بە ئێران دەبەستێت، بەڵام ناوە ناوە ئێران بە بیانووی جیاجیا ھەناردەکردنی غاز بۆ عێراق کەم دەکاتەوە یان رادەگرێت.

لەگەڵ ھاتنی وەرزی ھاویندا، خۆپیشاندان لە ناوچە جیاجیاکانی عێراق دژبە نەبوونی کارەبا ئەنجام دەدرێن، بە تایبەتیش کە پلەکانی گەرما لەو وەرزدا لە ژمارەیەک ناوچەی عێراق دەگاتە ٥٠ پلەی سەدی.

لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، محەمەد شیاع سوودانی دووپاتی کردووەتەوە کە بەردەوامن لەسەر پلانەکانیان بۆ جێبەجێکردنی ئەو گرێبەستانەی کە لەگەڵ کۆمپانیای تۆتاڵ ئێنێرجی فەڕەنسی واژوو کراون.

دوێنێ دووشەممە، چوار گرێبەستی تایبەت بە پرۆژەکانی وەبەرھێنان، پەرەپێدان و گەشەپێدان بە کەرتەکانی نەوت و غاز بە بەھای ٢٧ ملیار دۆلار لەنێوان وەزیری نەوتی عێراق، حەییان عەبدولغەنی و کۆمپانیای تۆتاڵ ئێنێرجی فەڕەنسی واژوو کران.