سلێمانی پلەی یەکەمی بەدەسهێنا لە پێدانی ڤاکسین

بەڕێوەبەرایەتی تەندروستیی سلێمانی ڕایگەیاند، بەپێی ڕاپۆرتی  ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی (WHO) ئەو هەڵمەتە نیشتیمانییەی دیاری کرابوو بۆ پێدانی ڤاکسین سلێمانی تیایدا پلەی یەکەمی بەدەستهێناوە.

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی (WHO) لە ڕۆژی 1ی11 تا 31ی 12ی 2021 هەڵمەتێکی نیشتمانی بۆ وەرگرتنی ڤاکسین لەسەر ئاستی پارێزگاکانی عێراق ڕاگەیاندبوو، پارێزگای سلێمانی لە سەر ئاستی سەرجەم پارێزگاکانی عیراق لەلایەن ڕێکخراوی تەندروستی جیهانییەوە بە پلەی یەکەم دەستنیشانکرا لە زۆری بە کارهێنانی ڕێژەی ڤاکسین بە هاوڵاتیان.

وەك ڕێکخراوەکە ئاماژەی پێ کردووە خودی بەڕێوبەرایەتی گشتیی تەندروستی سلێمانی و بەرپرسیارێتی کەناڵەکانی ڕاگەیاندن و ئاستی هۆشیاری تاک و خەمخۆری تیمەکانی پێدانی ڤاکسین بە هاوڵاتیان دەرئەنجامی ڕێژەی وەرگرتنی ڤاکسینە لە پارێزگای سلێمانی.

لەسەر ئەو پلە بەندییە بەڕێوبەرایەتی گشتیی تەندروستی سلێمانی سوپاس و دەستخۆشی ئاراستەی سەرجەم هاوڵاتیان و بەتایبەت سنوری بەڕێوبەرایەتییەکەی دەکات هیوا خوازە هاوڵاتیان پارێزراو تەندروست باشبن و بەردەوام بن لە وەرگرتنی ڤاکسین.