سزا ئامادەكراوەكانی ئەمریكا بۆسەر ڕوسیا كاریگەریی لەسەر ئابوریی جیهانیش دەبێت

ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکی بڵاویکردەوە، ئیدارەی جۆ بایدن هەڕەشەی ‏ژمارەیەک سزای توند لە ڕوسیا دەکات لەئەگەری ئەنجامدانی هێرش بۆسەر ئۆکرانیا، بە ‏بۆچوونی شارەزایانی ئابوری، ئەو سزایانە تەنها ئابوریی ڕوسیا تێوەناگلێنێت، بەڵکو ‏کاریگەری دەکاتە سەر ئابوریی وڵاتانی دیکەی جیهان.‏

ڕۆژنامەکە باس لەوەدەکات ئەو سزایانەی واشنتن ئامادەیکردوون، دەبنە هۆکاری ‏دروستبوونی کێشەی قووڵ لە ئابوریی ڕوسیادا، وەک هەڵاوسانی زۆر و هەرەسهێنانی ‏دراوی وڵاتەكە “ڕۆبڵ”.‏

لەگەڵ ئەوەشدا وڵاتانی زلهێزی دیکە بەدەرنابن لە زیانە سیاسی و ئابورییەکانی ئەو ‏سزایانە، بەتایبەت وڵاتانی ئەوروپا و تەنانەت سیستمی ئابوریی جیهانی.‏

چاودێرانی ئابوری هۆشداری دەدەن، لە ئەگەری بەردەوامیی ناکۆکییەکان، ئەگەری ئەوە ‏هەیە ڕوسیا وەک تۆڵە، دەست بۆ بڕینی ناردنی گازی سروشتی بۆ ئەوروپا ببات، یان ‏ئەنجامدانی هێرشی ئەلیکترۆنی دژی ژێرخانی ئەمریکا و ئەوروپا.‏

بەرپرسانی ئەمریکی دەڵێن، ئیدارەی جۆ بایدن تائێستا “هەناردەی نەوت و گازی ڕوسیای ‏نەکردووەتە ئامانج لە سزاکانیدا”، کە کاریگەری دەکاتە سەر بەرزبوونەوەی نرخی وزە لە ‏ئەمریکا.‏

ئیدوارد فیشمان، کە بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بووە لە ئیدارەکەی ‏باراک ئۆباما، بە ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمزی وتووە، “ئەگەر بایدن هەڕەشەکان بۆ ‏سزادانی بانکەکانی ڕوسیا جێبەجێبکات، بەدڵنیایی کاریگەریی توندی نەرێنی لەسەر کۆی ‏سیستمی ئابوریی ڕوسیا و ژیانی ڕۆژانەی خەڵکی ئەو وڵاتە دەبێت”، بۆیە پێیوایە، ‏‏”دۆخێکی لەوشێوەیە پێکدادانی ناوخۆیی لەو وڵاتەدا دروستدەکات”.‏

لەگەڵ ئەوەی ئەو بەرپرسەی پێشووی ئەمریكا دەڵێت، “نەوت هێزی ژیانی ئابوریی ‏ئەوانە (ڕوسیا)، بۆیە کریملن دەتوانێت هێزی خۆی پیشانبدات”، بەڵام پێشبینیشدەکات لە ‏ئەگەری سەپاندنی سزاکاندا، گەشەی ئابوریی ڕوسیا تائاستێکی زۆر کەمبکاتەوە، زیاتر ‏لەوەی سزاکانی ساڵی 2014 دروستیکرد، کە بەڕێژەی 3% گەشەی ئابوریی ئەو وڵاتە ‏کشایەوە”. ‏

هەروەها بانکی ئەوروپی، کە یەکێکە لەو بانکانەی قەرز دەداتە ڕوسیا، هۆشداریداوە لە ‏مەترسییەکانی جێبەجێکردنی سزاکانی ئەمریکا. ‏

لە ڕاپۆرتێکدا کە ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ بڵاویکردەوە، ئاماژە بەوەدەکات، ‏سزاکانی ڕوسیا بانکەکانی ئەو وڵاتە، کۆمپانیا حکومییەکان و داهاتە بنەڕەتییەکانی ڕوسیا ‏دەکاتە ئامانج.‏

جەختدەکاتەوە لەوەی “سزاکانی ئەمجارەی ئەمریکا بۆسەر ڕوسیا پێشتر هاوشێوەی ‏نەبووە”. ‏

ڕۆژنامە ئەمریكییەکە بەدووری نازانێت سەپاندنی ئەو سزایانە بازاڕی جیهانیش ‏ڕووبەڕووی ناسەقامگیری بکاتەوە.‏