زانیاری لەسەر رەشنووسی بودجەی 2022ی عیراق ئاشكرا دەكرێت

بریكاری پێشووی وەزارەتی دارایی حكومەتی عیراق رایگەیاند، بەغدا رەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجەی 2022ی ئامادەكردووە، پشكی ھەرێمی كوردستانیش وەكو ساڵی رابردووە، بەڵام بودجەكە زۆرە و لیژنەیەك بۆ كەمكردنەوەی دروست كراوە.

دكتۆر فازڵ نەبی، بە ماڵپەری فەرمی پارتی راگەیاندووە، حكومەتی عیراق رەشنووسی بودجەی ئەمساڵ 2022 ی ئامادە كردووە، بەڵام بودجەیەكی خەیاڵییە و گەلێك زۆرە، بۆیە ئەنجومەنی وەزیران لیژنەیەكی پێكھێناوە بۆ ئەوەی رێژەكە كەم بكاتەوە بۆ نزیكەی 130 ترلیۆن دینار، ئێستاش لیژنەكە كار لەسەر ئەو پرسە دەكات.

نەبی، وتیشی، پشكی ھەرێمی كوردستان لەو رەشنووسەی ئامادەكراوە، بە ھەمان شێوەی ساڵی رابردووە و رێككەوتنەكە چۆن كراوە بەو شێوەیە دانراوە، بەڵام ئەمە رەشنووسە و ئەگەری گۆڕانكاری ھەیە، چونكە ئەو حكومەتە ناتوانێ رەوانەی پەرلەمانی بكات، بۆیە حكومەتی نوێ دروست بكرێت رەشنووسەكە بۆ پەرلەمان رەوانە دەكات، بۆ ئەوەی پەسەندی بكات، كە ئەو كات ئەوان دەتوانن رێككەوتنی لەسەر بكەن و پەسەند بكەن.

ئاماژەی بەوەشكرد، لەو رەشنووسەی ئامادەكراوە، بە ھیچ شێوەیەك باسی ئەوە نەكراوە نرخی دۆلار هەرزان دەبێت، بەڵكو وەكو خۆی دانراوە، بەڵام ھەندێك لایەنی سیاسی داوا دەكەن نرخەكەی كەم بكرێتەوە.