بەرمیلێک نەوتی برێنت لە 85 دۆلار نزیکدەبێتەوە

نرخەکانی نەوت ئەمڕۆ سێشەممە بەرزبوونەوە، ئەویش بەهۆی ئەوەی بەرهەمهێنەرانی نەوت لە ئۆپێک پڵەس نەیانتوانی ئەو بڕە نەوتەی، کە مانگی رابردوو لەسەری رێککەوتبوون بیخەنە بازاڕەکانەوە.
بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە کاتێکدایە، کە حکومەتی چین یەدەگی بەنزین و گازوایلی خۆی ئازادکردووە بۆ ئەوەی کەمبوونەوەی بەرهەمە نەوتییەکان لە بازاڕەکانیدا قەرەبوو بکاتەوە.
بەرەبەیانی رۆژی سێشەممە نرخی نەوتی برێنت 28 سەنت بەرزبووەوە و هەر بەرمیلێک بە 84 دۆلار و 99 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. هەروەها نرخی هەر بەرمیلێک لە نەوتی سووکی تەکساس 19 سەنت بەرزبووەوە و بە 84 دۆلار و 24 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
ئیدوارد مۆیا، شرۆڤەکاری کۆمپانیای راوێژکاری ئواندا لەو بارەیەوە رایگەیاند: “پێدەچێت نرخەکانی نەوت بەردەوامبن لە بەرزبوونەوە، بەتایبەتی دوای ئەوەی کە بەپێی راپۆرتی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە، خواست بۆ بەکارهێنانی نەوتی خاو بەو ئاراستەیە دەڕوات، کە بەرزدەبێتەوە.”
مۆیا دەڵێت سەڕەرای کەمی خستنەڕووی نەوت، قەبارەی بەرهەمهێنانی نەوتی ئەمریکا سەقامگیرە و بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە نەبینیوە. بەرهەمهێنەرانی نەوتی ئۆپێک پڵەسیش رایانگەیاندووە لەگەڵ پلانەکەی خۆیان بۆ زیادکردنی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت دەمێننەوە، کە پێشتر بڕیاریانداوە رۆژانە 400 هەزار بەرمیل بێت.
هەفتەی رابردوو نرخەکانی نەوت گەیشتنە بەرزترین ئاستی خۆیان لە چەند ساڵی رابردوودا بەهۆی بەرزبوونەوەی خواست بۆ بەکارهێنانی نەوت، کە لە دوای بووژانەوەی ئابووری دوای کۆرۆنا روویداوە.
هەرچەندە بەرهەمهێنەرانی نەوتی ئۆپێک پڵەس پلانیان وایە رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوتی زیاتر بخەنەڕوو، بەڵام هەندێ لە بەرهەمهێنەران لەو هاوپەیمانییە، کە بەرهەمهێنەری بچووکن نەیانتوانیوە نەوتی زیاتر بخەنەڕوو و سەرەڕای خستنەڕووی نەوتی زیاتر لەلایەن سعودیە و عێراقەوە، بەڵام خستنەڕووی نەوت لە مانگی 10 لەلایەن ئەو بەرهەمهێنەرانە هێندە بەرزنەبووەتەوە.
بەپێی داتاکانی گواستنەوەی نەوت، بەرهەمهێنەرانی نەوتی ئەندام لە رێکخراوی ئۆپێک مانگی رابردوو رۆژانە 27 ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل نەوتیان لە بازاڕدا خستووەتەروو، کە تەنیا 190 هەزار بەرمیلی زیاترە لە مانگی ئەیلول، بەڵام کەمترە لە 254 هەزار بەرمیل کە پشکی ئەندامانی ئۆپێکە لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی ئۆپێک پڵەس.
س. رووداو