رەخنە لە بڕیاری دەركردنی دراوی 20 هەزار دیناری دەگیردرێت

شارەزایەكی ئابوریی عیراقی پێی وایە، بڕیاری دەركردنی دراوی 20 هەزار دیناری لەلایەن بانكی ناوەندییەوە هیچ سودێكی ئابوریی نییە و پارەیەكی زۆریش لەسەر وڵات دەكەوێت.

محەمەد ساعدی شارەزای ئابوریی لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا وتویەتی، دەركردنی دراوی 20 هەزار دیناری پارەیەكی زۆر لەسەر عیراق دەكەوێت، چونكە دەركردنی دراو پرۆسەیەكی هونەری ئاڵۆزە لە رووی ئابورییەوە.

جەختی لەوەش كردووەتەوە، هەر یەكەیەكی نەختینەی چاپكراو پێویستە لە بەرامبەریدا یەدەگی نەختینەی بیانی یاخود زێڕ یاخود كاڵا و خزمەتگوزاری راستەقینە هەبێت، كە لەناو كۆمەڵگەدا بەرهەم هێنرابێت.

ئەو شارەزا ئابورییە رونیشیكردووەتەوە، پارەی ئاڵوگۆڕكراو لە بازاڕدا نرخێكی راستەقینەی هەیە و تەنها كاغەزێكی پاچكراو نییە، هەندێك دەوڵەت بەبێ‌ لەبەرچاوگرتنی ئەو مەرجانە دراو لە بڕی رێپێدراو زیاتر چاپ دەكەن، بەهۆی ئەوەشەوە رێژەی هەڵاوسان بەرز دەبێتەوە.