راوێژکاری کازمی: داهاتی ئەمساڵی عیراق لە 150 ملیار دۆلار زیاترە

موزهر محەمەد ساڵح، راوێژکاری مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عیراق رایگەیاند، داهاتی عیراق تەنها لە ماوەی ئەمساڵدا زیاترە لە 150 ملیار دۆلار کە ئەمەش رێژەیەکی پێوانەییە.

ئەمرۆ پینجشەممە، راوێژکاری مستەفا کازمی ئاشکرایکردووە، خوێندنەوەکانی سندوقی نەختی نێودەوڵەتی بۆ داهاتە نەوتی و نا نەوتییەکانی عیراق-ە کە کۆی گشتی زیاترە لە 150 ملیار دۆلار تەنها لە ساڵی 2022دا.

ئاماژەی بەوەش کردووە، لە رۆژێکدا نزیکەی سێ ملیۆن و 400 هەزار بەرمیل نەوتی خاو دەفرۆشرێت، کە ئەگەر داهاتی هەرێمی کوردستان بێتەوە بەردەست حکومەتی ناوەندی، ئەوا لە کۆتایی ئەمساڵدا داهاتی وڵات ئەو رێژە پێوانەییە تۆماردەکات.

پێشتریش سندوقی نەختی نێودەوڵەتی رایگەیاندبوو، لەم ساڵدا داهاتی عیراق زیادبوونێکی پیوانەیی تۆماردەکات بە جۆرێک کە لە پێشوودا نەبینراوە.