راگرتنی ئۆتۆمبێل لەسەر شۆستەی بەردەم کافتریاو مارکێتەکان رێیان لەڕێبوار بڕیوە

ئا: رێژەن سەردار

راگرتنی ژمارەیەکی زۆر ئۆتۆمبێل لەسەر شۆستەکانی بەردەم کافتریاو مارکێتەکانی ئەوبەر ئەمنە سوورەکە تا دەگات بەفولکەی خاڵە حاجی‌و لەوێشەوە بەرەو یانەی ئەندازیاران، رێیان لەبەر رێبوار بڕیوە.

هێمن، پیاوێکی تەمەن ٥٠ ساڵی دانیشتووی گەڕەکی ئاشتییە، سەرسوڕمانی خۆی بەرامبەر بەوە دەردەبڕێت کە زۆرجار دەمەو ئێواران یان شەوان لەماڵەوە دێتەدەر بۆ ئەوەی بچێت بۆ شەقامی سەهۆڵەکە یان ناو بازاڕ نازانێت بەکویدا بڕوات، ئەو وتی “سەرشۆستەکان هەموویان بەئوتمبێلی کەشخەو گرانبەها گیراون‌و رێ نییە بەسەریاندا بڕۆیت، شەقامەکانیش تا شەوێکی درەنگ فڕکان فڕکانی ئوتومبێلەو ناتوانی بەسەریاندا بڕۆیت، ئەبێ هەزار پێچە بەدەورەو ئەمسەرو ئەوسەر بکەیت تا ئەو شۆستەو شەقامانەی بەردەم کافتریاو شاورمەو مارکێتەکانی ئەو گوزەرە دەبڕیت کە لەفولکەی خاڵە حاجییەوە دەچێت بەرەو سەهۆڵەکە”.

هێمن سەیری لەوە دێت کە چۆن ئەم شۆستانە بەوجۆرە رێگەدراوە بکرێن بەگەراجی ئۆتۆمبێل، ئەو وتی “زۆربەی ئەو ئۆتۆبێلانەی لەبەردەم کافتریاکاندا تا درەنگانێکی شەو لەسەر لا رادەگیرێن، هەمووی ئۆتۆمبێلی گرانبەهان، کەس نییە لێیانپرسێتەوەو پێیانبڵێت چۆن رێگەیان پێدراوە شۆستەکان کە موڵکی گشتین بکەن بەشوێنی راگرتنی ئۆتۆمبێلی تایبەتی خۆیان‌و رێ بەڕیبوار نەدەن پیاتێپەڕێت”.

ئەردەڵان کە هاوڵاتییەکی دانیشتووی گەرەکی عەلی ناجی‌و نزیکی کافتریاکانە، بەنائومێدییەوە باس لەوە دەکات کە گەڕەکیان کراوە بەگەراجێکی گەورەو کەسیش لێی ناپێچێتەوە، ئەو وتی “ئەو شەقامە گشتییەی نێوان فولکەی ئەمنە سوورەکە تا فولکەی خاڵە حاجی ژیانی تیا نەماوە، هەر لەعەسرو ئێوارەوە تا شەوێکی درەنگ نەک سەرشۆستەکان داگیر کراون، بەڵکو لایەکی شەقامەکانیش گیراون‌و رێبوارو شوفێریش رێییان نییە بەئاسانی بڕۆن”.

سەبارەت بەم دیاردەی داگیرکردنی شۆستەیە، ئەندازیار عوسمان عارف، لێپرسراوی بەشی لابردنی زیادەڕەوی لە شارەوانی سلێمانی بەرۆژنامەی “بازرگانی‌و پیشەسازی راگەیاند کە دیاردەی راگرتنی ئۆتۆمبێل لەسەر شۆستەکان زیاتر پەیوەندی بە بەڕێوەبەرایەتی ھاتوچۆی سلێمانیەوە ھەیە، ئەو وتی “ئێمە نەدەتوانین مۆڵەت لەو شۆڤێرانە وەربگرین کە ئۆتۆمبیلەکانیان لەسەر شۆستەکان پارک دەکەن، نە گەراجمان ھەیە دەستبگرین بەسەر ئۆتۆمبێلەکانیاندا”.

سەبارەت بەدەنگۆی ئەوەش کە کافتریاکان لەبەرامبەر ڕاگرتنی ئۆتۆمبێل لەسەر شۆستەکانی بەردەمیان کە موڵکی گشتییە پارە وەردەگرن، لێپرسراوی بەشی لابردنی زیادەڕەوی لە شارەوانی سلێمانی وتی “ئەگەری ھەیە ئەو دیاردەیە ھەبێت، بەڵام تاکو ئێستا ھیچ کەسێک سکاڵای تۆمار نەکردووە، نەشۆڤێرێک ھاتۆتە شارەوانی بڵێت پارەم لێوەرگیراوە بەناڕەوا یان ھاوڵاتیەک بێت‌و سکاڵا بکات شۆستەکان داگیر کراوە، ئێمە دەتوانین خاوەن کافتریاو شوێنەکان ئاگادار بکەینەوە بەڵام ناتوانین بەشۆفێران بڵێین ئۆتۆمبێل ڕامەگرن ئەوە کاری برایانی پۆلیسی هاتوچۆیە، ئێمە ئەندامین لەلیژنە ھاوبەشەکانی قایمقامیەتی سلێمانی دەکرێت ھەموومان پێکەوە کار بکەین بۆ کۆتاییھێنان بەم دیاردەیە، بەڕاستی دیاردەیەکی ناشرینە کەسێک ئۆتۆمبیلێکی کەشخەو گرانبەھای ھەبێت‌و بۆ پۆزلێدان بەشێوەیەکی ناشرین لەسەر شۆستەکان ڕایبگرێت‌و ڕێگری لەھاوڵاتیان بکات بەسەر شۆستەکاندا تێپەڕن”.

وتیشی “ئەمە زیاتر ئیشی پۆلیسی هاتوچۆیە رێگری لێبکات، چونکە تیایەتی کوڕی مەسئولەو چاودێرێک کە کوڕی هەژارە لای من ناتوانێت رێگری لێبکات‌و لەوانەیە کێشەشی بۆ دروستبکات یان تەقەشی لێبکات کە پێیبڵێ بۆ ئۆتۆمبێلەکەت لەسەر شۆستەکە راگرتووە”.

ئاماژەشی بەوە كرد نازانین دۆخەكە چی بەسەردێت، ئایا دۆخی ناو باواڕ ئاوا فەوزا دەبێت یان چارەسەرێكی بۆ دەۆزێتەوە‌و رێك دەخرێتەوە؟ چاوەڕوانی بڕیاری پارێزگاری سلێمانین”.